نامه‌ی بۆریس جۆنسن بۆ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌باره‌ی برێكسیت-ه‌وه
- سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسن پێشنیازی كرد له شوێنی "مادده‌ی رێوشوێن" له رێككه‌وتنی برێكسیتدا، مادده‌یه‌كی دیكه دابنرێت كه سنووری فیزیكی له نێوان هه‌ردوو ئێرله‌ندا دانه‌نێت و په‌یوه‌ستێكی یاسایی هه‌بێت.
London
له‌نده‌ن - AA
سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسن پێشنیازی كرد له شوێنی "مادده‌ی رێوشوێن" له رێككه‌وتنی برێكسیتدا، مادده‌یه‌كی دیكه دابنرێت كه سنووری فیزیكی له نێوان هه‌ردوو ئێرله‌ندا دانه‌نێت و په‌یوه‌ستێكی یاسایی هه‌بێت.
بۆریس جۆنسن ئه‌مڕۆ له نامه‌یه‌كیدا بۆ سه‌رۆكی ئەنجوومەنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، دۆناڵد توسك پێشنیازیكردووه ئه‌و مادده‌یه‌ی رێككه‌وتنی برێكسیت هه‌ڵبگیرێت كه له‌باره‌ی سنووری ئێرله‌ندای باكووره‌وه‌یه و تا ئێستا به‌و هۆیه‌وه سێ‌جار له په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ره‌تكراوه‌ته‌وه.
سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسن له‌نامه‌كه‌یدا ناڕه‌زایی دژبە مادده‌ی رێوشوێن بۆ رێگریكردن له دانانی سنووری فیزیكی له نێوان دوورگه‌ی ئێرله‌ندا و به‌ریتانیا نیشاندا و به دژبە دیموكراسی و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌روه‌ریی به‌ریتانیا ناوی بردووه.
بۆریس جۆنسن ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، مادده‌كه واده‌كات به‌ریتانیا به شێوه‌یه‌كی دیاریی نه‌كراو به‌ریتانیا له یه‌كێتیی گومرکی یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا بهێڵێته‌وه و ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی هۆكاری گه‌یشتنه به بڕیاری برێكسیت.
سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسن له نامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی "مادده‌ی رێوشوێن ناكرێت به‌شێك بێت له رێككه‌وتنی برێكسیت. ئه‌مه بابه‌تێكه پێویسته هه‌ردوولامان قبووڵمان بێت" و ئاماژه‌ی به‌وه داوه، بابه‌تێكی له پێشینه‌ش ئه‌وه‌یه كه رێگری بكرێت له دانانی سنوورێكی فیزیكی له‌گه‌ڵ ئێرله‌ندا.
بۆریس جۆنسن له نامه‌كه‌یدا پێشنیازیكردووه كه هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر چاره‌سه‌رێك بكرێت كه رێگری له دانانی سنووری فیزیكی له نێوان هه‌ردوو ئێرله‌ندا بكات و نووسیویه‌تی "له شوێنی مادده‌ی رێوشوێن، پێشنیاز ده‌كه‌م به‌رله‌وه‌ی ماوه‌ی راگوزه‌ر كۆتایی بێت، وه‌ك پارچه‌یه‌ك له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاینده‌مان، په‌یمان بده‌ین كه چاره‌سه‌رێكی له‌و جۆره به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین. ماوه‌یه‌كی كه‌می ماوه بۆ واده‌ی برێكسیت، به‌ڵام به‌ریتانیا ئاماده‌یه به‌خێرایی هه‌ڵسوكه‌وت بكات و ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ی هاوبه‌ش له‌به‌رچاوبگیرێت، ئومێد ده‌كه‌م یه‌كێتیی ئه‌ورووپاش ئاماده‌بێت".