Selen Temizer
28 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2022
برۆکسل – AA
سکرتێرى گشتیى ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند کار لەسەر رێککەوتنێک بۆ چارسەرکردنى نیگەرانییە ئەمنییەکانى تورکیا لە نێوان سوید، فینلاند و تورکیا دەکەن و لەم چوارچێوەیەدا دانوستانەکان لە لووتکەى مەدرید بەردەوام دەبێت.
ستۆلتنبێرگ، لە بارەگاى ناتۆ لە برۆکسل کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیى هاوبەشى لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى سوید، ماگدالێنا ئاندرسۆن ئەنجامدا.
سکرتێرى گشتیى ناتۆ، باسى لەوە کرد کە لە ماوەى هەفتەکانى رابردوودا لە پەیوەندییەکى چڕدا بووە لەگەڵ ئاندرسۆن و خۆى و ئەویش لەگەڵ سەرکۆمارى تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان قسەیان کردووە.
یانس ستۆلتنبێرگ، ئاماژەى بە رەوا بوونى نیگەرانییەکانى تورکیا کرد و پێویستیى چارەسەرکردنى بە گرنگ زانی و گوتى: "هیچ هاوپەیمانێکى دیکە هێندەى تورکیا لەلایەن تیرۆریستانەوە غەدرى لێنەکراوە، ئەمە بە رێکخراوى تیرۆریستیى پەکەکەشەوە".
- لە لووتکەى مەدرید دانیشتنێکى تایبەت بە تیرۆر بەڕێوەدچێت
ستۆلتنبێرگ گوتى: "هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەى هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بۆ دوو هێندە بەرز بکەینەوە. لەبەر ئەم هۆکارە پلانى ئەنجامدانى دانیشتنێکى تایبەت بۆ هەوڵەکانى ناتۆ لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە لووتکەکەى مەدرید داناوە. هەر بەم هۆکارە سوید لە ماوەى چەند رۆژى رابردوودا هەنگاوى کردارى بۆ چارەسەرکردنى نیگەرانییەکانى تورکیاى ناوە".
یانس ستۆلتنبێرگ، ئەوەى ئاشکرا کرد کە سوید هەنگاوى کرداریى وەکو "گۆڕینى یاساکان، لێکۆڵینەوەى نوێى پۆلیس لەدژى پەکەکە، لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانى تورکیا بۆ رادەستکردنەوە" ناوە و گوتى: "کار لەسەر رێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنى نیگەرانییە ئەمنییەکانى (تورکیا) بە هەناردەکردنى چەک و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە نێوان سوید، فینلاند و تورکیا دەکەین".
- سوید چاوەڕێى ئەنجام دەکات لە لووتکەکە
لەلاى خۆیەوە سەرۆکوەزیرانى سوید، ماگدالێنا ئاندرسۆن ئاماژەى بەوە کرد کە لەگەڵ فینلاند و ناتۆ دەیانەوێت بگەنە رێککەوتنێک لەسەر ئەو بابەتانەى کە تورکیا باسى لێوە دەکات و گوتى: "رۆژى شەممەى رابردوو لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان قسەم کرد. دەتوانم بڵێم کە پەیوەنییەکى باش و کردارى بووە".
ئاندرسۆن، جەختى لەوە کردەوەوە کە ئەندامبوونى سوید لە ناتۆ سوودى بۆ ئاسایشى تورکیاش دەبێت و گوتى: "ئێمە پابەندى بەرەنگاربوونەوەى هەمو شێوە و جۆرەکانى تیرۆرین. بە تەواوەتى پابەندى سیاسەتى ناتۆ لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر دەبین و رۆڵێکى چالاکمان لەم هەوڵانەدا دەبێت. هەڵوێستمان لە دژى پەکەکە زۆر روونە. لەلایەن یەکێتى ئەورووپاوە بە رێکخراوێکى تیرۆریستى ناسێنراوە و لەلایەن سوویدیشەوە ئاوها قبوڵ دەکرێت".
- ئەو هەنگاوانەى کە سوید ناوێتى
ماگدالینا ئاندرسۆن، داکۆکى لەوە کرد کە وڵاتەکەى لە ماوەکانى رابردوودا هەنگاوى گرنگى لە بەرنگاربوونەوەى تیرۆر ناوە و گوتى: "لە ساڵەکانى رابردوودا، چەند جارێک یاساکانمان لە دژى بەکارهێنانى لەلایەن تیرۆریستانەوە بەهێز کرد. سوید، بە گەورەترین هەموارکردنەوەى یاساى تیرۆر لە ماوەى ٣٠ ساڵى رابردوودا تێدەپەڕێت. یاساى نوێ و تاوانەکانى تیرۆر و بە شێوەیەکى فراوانتر و بە بەرزترین سزا لە یەکەم رۆژى مانگى تەمووز دەچێتە بوارى جێبەجێ کردن".
سەرۆکوەزیرانى سوید، گوتیشى: "یەکێک لە بابەتانەش کە تورکیا خستییە رۆژەڤەوە ئەو وڵامەى سویدە کە دەربارەى بابەتى داواى رادەستکردنەوەى تورکیا داویەتى. ئەم بابەتانە، بەپێى رێککەوتنامەى ئەورووپا بۆ رادەستکردنەوە تاوانبارەکان بە شێوەیەکى خێرایى و بە وردى لەلایەن سستەمى یاساییمانەوە کارى لەسەر دەکرێت. سوید، بەندەرێکى ئارام نییە بۆ تیرۆریستان و نابێت. لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکى چڕ کار لەسەر دیپۆرت کردنەوەى ئەو کەسانە دەکەن کە هەڕەشەى ئەمنى پێکدەهێنن. لە ئێستادا رووداوى گرنگ هەیە کە کارى لەسەر دەکرێت".