Ömer Tuğrul Çam
10 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2020
بڕۆکسل- AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ پەیامێکی ئاراستەی کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا کرد و تیایدا هاتووە "جیاوازی و لێکتێنەگەیشتن هەیە، پێویستە گفتوگۆ لەسەر ئەمانە بکەین، بەڵام دەبێت لە هەمان کاتدا ئەوەمان بیربێت کە تورکیا بەشێکە لە ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوا".
یانس ستولتنبێرگ دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پورتوگال، ئانتۆنیۆ کۆستا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی تورکیا و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دایەوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ رەوشی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی بە رەوشێکی "سەخت" وەسف کرد و ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ، هەفتەی رابردوو لەو بارەیەوە دواون.
یانس ستولتنبێرگ ناتۆ-ی وەک سەکۆیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازییەکانی نێوان ئەندامانی رێکخراوەکە وەسف کرد و گوتی: "پێویستە هەموومان لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازییەکان، رێگا و رەفتاری ئەرێنی بەکاربهێنین. هەربۆیە میکانیزمی رێگاکانی جیاکردنەوەمان نێوان تورکیا و یۆنان دانا. ئامانجیش لەمە رێگریکردنە لەهەر رووداوێکی نەخوازراو لەنێوان ئەو دوو ئەندامەدا. خۆشحاڵم بەوەی هەردوو وڵات پابەندبوون بە میکانیزمەکەوە و بەشێک لە مانۆڕە سەربازییەکانیان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هەڵوەشاندەوە. هەوڵدەدەم ئەم میکانیزمە بەهێزتر و کاراتر بکەم".
سکرتێری گشتیی ناتۆ هیوای خواست لە میانی کۆبوونەوەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە ناتۆ، رێگا خۆش بکرێت بۆ کۆبوونەوەی سیاسیی نێوان هەردوو وڵات لە بارەی گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە بنچینەییەکانی نێوانیان.
یانس ستولتنبێرگ ئەوەشی دووپاتکردەوە کە تورکیا ئەندامیكی گرنگی ناتۆ-یە و بەتایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش رۆڵێکی گرنگی هەبووە، هەروەها زۆرترین پەنابەری سووریای گرتووەتەخۆ.