Sarmand Hameed
05 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2021
ھەولێر - AA
سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازیی لە سەرۆكی پەرلەمانی ئۆردن، عەبدولمونعیم عۆدات و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە باڵیۆزی شانشینی ئۆردۆن لە عێراق، مونتەسەر عوقلە و ژمارەیەك پەرلەمانتاری پەرلەمانی شانشینی ئۆردن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی لە دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمانی ئۆردن سڵاوی شای ئۆردن، عەبدولڵای دووەمی بە مەسعود بارزانی گەیاندووە و پێزانینی خۆی و وڵاتەكەی بۆ خەبات و ماندووبوونی بارزانی، هەروەها قوربانیدانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆر راگەیاندووە و جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە كە سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و پەیوەندییەكانی هەردوولا لەسەر بنەمای دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش و سەقامگیریی عێراق بەرفراوانتر ببن. لە درێژەی ئەو كۆبوونەوەیەدا شاندی پەرلەمانی ئۆردن ئەوەیان خستەڕوو كە گەلی ئۆردن سۆزی تایبەتیان بۆ گەلی كوردستان هەیە و لە ئازار و دۆزی گەلی كوردستان بە باشی تێدەگەن.
هەر لەو دیدارەدا، مەسعود بارزانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردنی بە مێژوویی و دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد، هەروەها وێڕای ئاماژەدان بۆ رۆڵی عەبدولڵای دووەم لە بنیاتنانی سەقامگیریی و پێشكەوتن و قووڵتركردنی دۆستایەتی نێوان هەردوولا، پێزانینی بۆ هەڵوێستی شای ئۆردن هەبوو لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.
تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەردەوامیی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.