Hawkar Yaseen
05 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی کرد لە شاندێکی باڵای پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (CHP) کە جێگری سەرۆکی پارتەکە، ئۆگوز کان سالیجی سەرۆکایەتی دەکرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەت لە دیدارەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێ کراوە و جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا، سڵاوی کەمال کڵچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتەکەی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاندووە و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕیوە کە یەکەمجارە شاندێکی باڵای پارتی گەلی کۆماریی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات".
ئاماژەی بەوەیشداوە کە ئۆگوز کان سالیجی گوتویەتی: "ئامانجمان لە سەردانەکە، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و خستنەڕووی بۆچوونی پارتی گەلی کۆماریی-یە دەربارەی چەند بابەت و پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شاندەکەی راگەیاندووە "تورکیا دراوسێ و وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە و جیهانە و هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەقامگیرییە لە ناوچەدا و هەمیشە خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ تورکیا کە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و پێکهاتەی جیاوازە و هەرئەمەش نیشانەی دەوڵەمەندی وڵاتەکەیە".