Sarmand Hameed
20 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لیز ترەس کۆبووەوە.
گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، مەسرور بارزانی کە بە سەردانێکی فەرمی لە بەریتانیایە، لەگەڵ لیز ترەس کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە کۆبوونەوەدا بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و دوایین گۆرانکارییەکانی ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و گرنگیی چارەسەركردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکوومی و بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە لەندەن پایتەختی بەریتانیا.
هەریەک لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دانا عەبدولکەریم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، سەفین دزەیی و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، یاوەری مەسرور بارزانی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا.