Heman Hussein Yaseen
05 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی فینلاند لە عێراق، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە رووبەڕووی مەترسییەکانی داعش ببنەوە.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی فینلاند لە عێراق، ماتی لاسیلا کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و فینلاند تاوتوێ کراوە.
ئاماژە بەوەیش کراوە کە مەسرور بارزانی، سوپاسی فینلاندای کردووە کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ھاوکاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە بەتایبەتی لە بواری مەشق و راھێنانی سەربازیی، جەختیشی لە گرنگیی چڕکردنەوەی ھەماھەنگیی و ھاریکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم.
لە بەشێکی دیکەی ھەواڵەکەدا، تیشکخراوەتەسەر ئەوەی کە باڵیۆزی فینلاند وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵی ئەرێنی رەوەندی کوردستانی لە فینلاند، خواستی وڵاتەکەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرھێناندا دەربڕیووە.