Heman Hussein Yaseen
10 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە وەزیری پلاندانانی عێراق، نوری دلێمی کرد.
ماڵپەڕی فەرمی مەسعود بارزانی بڵاویکردەوە کە لە دیدارێکدا وەزیری پلاندانانی عێراق، نوری دلێمی ئاماژەی بە رۆڵی مەسعود بارزانی کردووە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسیی عێراق و ھەوڵەکانی بۆ قووڵکردنەوەی فەرھەنگی پێکەوەژیان و بەرگریکردن لە پێکھاتەکان، هاوکات سوپاسی مەسعود بارزانی و خەڵکی ھەرێمی کوردستانیشی کردووە کە لە رۆژانی سەختی شەڕی داعشدا میوانداریی سەدان ھەزار ئاوارەی عێراقییان کردووە.
ئاماژە بەوەیشکراوە کە وەزیری پلاندانانی عێراق دەستخۆشی لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە کە رێنوێنی و ئامۆژگاریی پەرلەمانتارانی کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی بەرگریکاری ماف و داواکاریی ھاووڵاتییانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بن.
ھەروەها ئاماژەی بەوەیشکردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کراوە و پلانەکانی حکوومەتی عێراقی لەمەڕ پڕۆسەی گەشەپێدان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، ھەروەھا ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی ژیانی خەڵک تاوتوێ کراوە.