Enes Canlı
05 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2021
قودس - AA
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، دەیڤد بارنیا لە ئەمریکا زانیاری نوێ سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەخاتەڕوو.
رۆژنامەی يەديعوت ئاحرونۆت بڵاوی کردەوە، دەیڤد بارنیا بەمەبەستی گەیاندنی زانیاری نوێ سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و داواکاری ئیسرائیل لە ئەمریکا بۆ قورسکردنی سزاکانی سەر تاران، سەردانی واشنتۆنی کردووە.
فڕۆکەکەی دەیڤد بارنیا شەوی شەممە لە تەل ئەبیب-ەوە دەستی بە گەشتەکەی کردووە.
لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە دەیڤد بارنیا بە موخاتەبە ئەمریکیەکانی رادەگەیەنێت ''ئێران لە کاتێکدا لەلایەک بەتەواوی پەرەی بە بەرنامەی ئەتۆمی داوە، لەلایەکی دیکەوە بە بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ڤیەننا بەردەوامە لە فریودانی جیهان''.
بارنیا باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل وەک پێشتر رایگەیاند، پابەندی هیچ رێککەوتنێک نابێت و تەل ئەبیب بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەکانی بۆ راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
سەرۆکی مۆساد، پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی دەست بخات.
بە هەمان شێوە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز رۆژی چوارشەممە، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ئەمریکا.
لە کاتێکدا حکوومەتی ئیسرائیل دژی هەر دانوستان و رێککەوتنێکە لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەرگریی لە سەپاندنی سزای قورستر و دەستوەردانی سەربازیی دەکات لە ئێراندا.
دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی ڤیەننا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە سێی کانوونی یەکەمدا، بەبێ گەیشتنە رێککەوتن کۆتایی هات، ئەوەیش خرابووەڕوو کە کۆبوونەوەکان لە هەفتەی داهاتوودا بەردەوام دەبن.