Qais Omar Darwesh Omar
31 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2024
ڕامەڵڵا ــ AA
سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس ڕایگەیاند کە کوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە کارێکی ترسنۆکانە و پێشھاتێکی مەترسیدارە.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی فەڵەستین "WAFA" بڵاوی کردەوە: "مەحمود عەباس بە توندی کوژرانی ئیسماعیل ھەنییەی سەرکۆنە کردووە، ھەروەھا بە کارێکی ترسنۆکانە و پێشھاتێکی مەترسیدار لەقەڵەمداوە".
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە، مەحمود عەباس داواشی لە جەماوەر و ھێزەکانی گەلی فەڵەستین کردووە کە لە بەرامبەر داگیرکاریی ئیسرائیلدا، یەکگرتوو، ئارام و خۆڕاگر بن.
ئەمڕۆ چوارشەممە بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیاند کە لە ئاکامی ھێرشێکدا، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەیان ئیسماعیل ھەنییە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە تاران دوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرکۆماری نوێی ئێران، کوژراوە.
ھەروەھا تەلەڤيزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە ئیسماعیل ھەنییە لە تاران کوژراوە و ئاماژەی بەوەشداوە کە لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە و بەو زووانەش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ڕادەگەیەندرێت.
سوپای ئیسرائیل خۆی دزیەوە لە لێدوان لە بارەی ئەو هێرشەی لە تارانی پایتەختی ئێران کرایە سەر سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە.