Zana Natık Kerem
01 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2024
ھەولێر ــ AA
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ھەڕەشەی ئەوەیان کرد، ئەگەر ئیسرائیل ھێرش بکاتە سەر لوبنان، ئەوا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
ھەماھەنگی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە ژمارەیەک گرووپی چەکدار نزیک لە ئێران لەخۆدەگرێت لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر ئیسرائیل ھێرش بکاتە سەر لوبنان، ئەوا ھێرشەکانیان دژبە ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەنەوە، ھەروەھا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
ڕاشیگەیاندووە، پێویستە لەم ھەلومەرجەدا، پاڵپشتیی گەلی فەلەستین بکرێت و ھەڵوێست بەرامبەر ئەو وڵاتانە بگیرێتەبەر کە ھەوڵدەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە و ھاتووە: "نابێت بە نەوتی عێراق، پاڵپشتی ئەو وڵاتانە بکرێت".
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ھێڵی گواستنەوەی نەوتی بەسرە -عەقەبە داھاتێکی زۆری عێراق بەھەدەر دەبات، بەبێ ئەوەی سوودی ئابووری بۆ عێراق ھەبێت، کەچی لە عێراقەوە دەچێتە ناو پڕۆسەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل.
گومانەکان لەسەر ھەڵکشانی گرژییەکان لە ناوچەکە دوای ئەوە دروست بوو کە لە ماوەکانی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل پلانی ئەنجامدانی ھێرشکردنە سەر لوبنانی پەسەند کرد.