Zana Natık Kerem
27 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە کاری ھاوبەش پێویستی بە یەکخستنی ھەڵوێستەکان ھەیە بۆ ئەوەی لەسەر رێرەوی گەشەپێدان و پەرەپێدان بەردەوامبن بە تایبەتیش لە بواری ئابوورییدا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی لە میانی دەستپێکردنی لووتکەی سێقۆڵیی عێراق، ئوردن و میسر گوتارێکی پێشکەشکردووە و تیایدا خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە سەردانی سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم بۆ بەغدا و گوتی:
"ئەم سەردانە پەیامێکی گرنگە لەوەی ئێمە پاڵپشتیی یەکتر دەکەین و تەواوکەریی یەکترین لەپێناو خزمەتکردنی گەلەکانمان".
باس لەوەشکراوە کە ھەروەھا مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەیشداوە، بەستنی لووتکەکە لە کاتێکدا کە وڵاتانی ناوچەکە و جیھان بە رەوشێکی مەترسیداردا تێپەڕدەبن بە تایبەتیش بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و گوتی:
"لە ھیچ کەسێک شاراوە نییە، گرنگترین ئەو بەرەنگارییانەی کە بەرەوڕوویان بووینەتەوە، پەتای کۆرۆنا، رەوشی سەختی ئابووریی و بەرەنگاریی تیرۆرە".
گوتیشی:"عێراق بە ئەزموونێکی سەختی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا تێپەڕیووە، ھەماھەنگیی نێوان ھەر سێ وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و خزمەتکردنی گەلەکانمان گرنگە".
بەپێی راگەیەنراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی راشیگەیاندووە"کاری ھاوبەش پێویستی بە یەکخستنی ھەڵوێستەکانە بۆ ئەوەی لەسەر رێرەوی گەشەپێدان و پەرەپێدان بەردەوامبین بە تایبەتیش لە بواری ئابووریدا".
ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی ھەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی لووتکەی سێقۆڵی لە بەغدا دەستی پێ کرد.
بەپێی زانیارییەکان لە میانی لووتکەکەدا، سەبارەت بە ھاریکارییەکانی نێوان ھەر سێ وڵات لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و وەبەرھێنان گفتوگۆ دەکرێت.