Kenan Irtak,Hanife Sevinç,Berk Özkan,Muhammet Ali Kemal
28 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2018
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند "بڕیاردان سەبارەت بە سووریا ناکەوێتە سەرشانی ئێمە، بەڵام دەتوانین هاوکاربین لەوەی مەرجەکان ئاشکرا بکەین تاوەکو دانیشتوانی ئەو وڵاتە ئایندەی خۆیان دیاریی بکەن. پێویستە ئێمە چوارچێوەیەکی دەستووریی دابمەزرێنین و کەشێک درووست بکەین کە سەرجەم سوورییەکان دەنگ بدەن و ئایندەی خۆیان دەست نیشان بکەن".
لەدوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی سەبارەت بە سووریا کە لە کۆشکی وەحدەدین لە شاری ئیستانبوڵ بە میوانداریی تورکیا، ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن گوتی: "بە دڵنیاییەوە لەوێ حکوومەتێکی خاوەن سەروەریی هەیە کە پێویستە رێزی لێبگیرێت، بەڵام لەسەروو ئەوەشەوە پێویستە فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیشانبدرێت. چونکە لە سۆچی گوتمان چی، گوتمان 'کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش مافی بڕیاری هەیە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش مافی گوتنی شتگەلێکی هەیە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی سۆچیدا'. هەربۆیە لە میانی چەند مانگی داهاتوودا بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێین. رێز لە سەروەریی گەلی سووریا دەگرین. یەکێک لەمانەش دیسان رژێمی سووریایە. ئەوەی کە پێویستە لێرەدا بیڵێین ئەوەیە کە چیتر ئەم رژێمە نوێنەرایەتیی سەرجەم سوورییەکان ناکات. چونکە ملیۆنەها سووریی وڵاتەکەیان جێهێشت. سوورییەکان پەنایان بۆ ئوردن، لوبنان، ئەڵمانیا و فەڕەنسا هێنا. هەربۆیە پێویستە چوارچێوەیەکی دەستووریی دابمەزرێنین و کەشێک درووست بکەین کە سەرجەم سوورییەکان دەنگ بدەن و ئایندەی خۆیان دەستنیشان بکەن. کاتێک ئەمەش دەکەین ئێمە داواکارییەکمان هەیە. ئەوەش بریتییە لەوەی رێگە بەو گەلە بدرێت بە شێوەیەکی ئازادانە گوزارشت لە بۆچوونی خۆی بکات".
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن هەروەها گوتی: "پێویست بە بوونی چارەسەرێکی سیاسیی دەکات کە دەستەبەری ئەوە بکات سەرجەم سوورییەکان بتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان. دووبارە پێکهێنانەوەی سووریایەکی گشتگیر، زۆر گرنگە. ئەمڕۆ رژێم لە رووی سەربازییەوە جارێکی دیکە بە لۆجیکی فەتحکردن، مامەڵە دەکات، ئەمەش هەڵوێستێک نییە کە دەستەبەری سەقامگیریی لە سووریا بکات. لەدوای ١٠ مانگ لە کۆبوونەوەی سۆچی، هێشتا کۆبوونەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور ئەنجامنەدراوە. داوا دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ لیستەکانی پەیوەست بە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور پەسەند بکرێن و ئەو کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت".