Safvan Allahverdi,Muhammet Ali Kemal
28 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2018
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرایکرد سەردانی ئەو پەرستگایەی جوولەکەکان دەکات کە لە شاری پیتسبێرگ رۆژئاوای ویلایەتی پێنسیلڤانیا هێرشی چەکداریی کرایە سەر.
بەر لە بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی لە ویلایەتی ئیڵینۆی، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە هێرش بۆ سەر پەرستگایەکی جوولەکەکان و هێرشکارەکە کە هاووڵاتییەکی ئەمریکییە بەناوی رۆبێرت باوەرز، روونکردنەوەی دا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی هێرشکارەکە پشتیوانی ئەو بووە و کەسێکی دژی جوولەکە بووە، رایگەیاند "شێوازی بیرکردنەوەی (باوەرز) نەخۆشانەیە و وەک کەسێکی دژی جوولەکە پشتیوانییکاری من نییە. پێویستە سزای لەسێدارەدان بۆ کەسانی هاوشێوەی ئەمە، بهێنینەوە".
ترەمپ جەختی لەوەشکردەوە کە سەردانی سەرجەم ناوچەکە دەکات.
لای خۆشییەوە وەزیری دادی ئەمریکا، جێف سێشنز ئاشکرایکرد ژمارەیەک سکاڵا لەسەر هێرشکارەکە تۆمار دەکەن کە بابەتی بڵاوکردنەوەی رق و کینەی تێدایە و سزاکانی دەگەنە لەسێدارەدان.
جێف سێشنز جەختی لەوەکردووەتەوە "پێویستە هێرشەکە ئیدانە بکرێت کە دژی سەرجەم بەهاکانی ئەمریکایە" و دەبێت هێرشکارەکە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنرێت و باجێکی گەورە بدات.
لە روونکردنەوەکەیدا جێف سێشنز رایگەیاندووە "داواکاری گشتیی شاری پیتسبێرگ رایگەیاندووە کە لە ماوەیەکی کورتدا کە لە شەممە تێنەپەڕێت، سکاڵا فیدراڵییەکان تۆماردەکرێن".