Murat Karadağ
03 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2023
سیئۆڵ - AA
هێزە دەریاییەکانی کۆریای باشوور، ئەمریکا و ژاپۆن بەهۆی "زیادبوونی هەڕەشە مووشەکییەکان"ی کۆریای باکوور و بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانیان، مانۆڕێکی هاوبەشی دژەژێردەریایییان دەستی پێ کرد.
وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە کەشتی فڕۆکەهەڵگری "USS Nimitz" و کەشتییە جەنگییەکان بەشدارییان لە مانۆڕەکەدا کردووە کە لە ناوچە ئاوییەکانی ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "مانۆڕەکە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی تواناکانی کۆریای باشوور، ئەمریکا و ژاپۆن بۆ وەڵامدانەوەی مووشەکە بالیستییەکانی کۆریای باکوور و هەڕەشەکانی دیکە رێکخراوە".
بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە مانۆڕەکە بۆ دیاریکردنی ژێردەریاییەکان کە دەتوانن مەترسی دروست بکەن ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوە کرا کە هەر سێ وڵاتەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا مانۆڕی گەڕان و رزگارکردنی مرۆیی ئەنجام دەدەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە: "بەپێداگرییەوە وەڵامی هەر کردەیەکی ئیستفزازیی کۆریای باکوور دەدەینەوە".
راگەیەندرا، مانۆڕەکە کە ئەمڕۆ لەلایەن کۆریای باشوور، ئەمریکا و ژاپۆنەوە دەستی پێ کرد، دوو رۆژ دەخایەنێت.
- تاقیکردنەوە مووشەکییە یەک بە دوای یەکەکانی کۆریای باکوور
دوای مانۆڕی "قەڵغانی ئازادی" کە لەنێوان کۆریای باشوور و ئەمریکا لە ١٤ی ئادار دەستی پێ کرد، کۆریای باشوور لە ٢٠ی ئاداردا مانۆڕی پەلاماردانی بەرامبەر چەکی ئەتۆمی ئەنجامدا.
کۆریای باشوور و ژاپۆن لە ١٩ی ئاداردا رایانگەیاند کە کاتژمێر ١١:٠٥ کۆریای باشوور تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیی ئەنجامداوە. مووشەکە بالیستییەکە کە تاکوو ٥٠ کیلۆمەتر بەرز بووەتەوە ٨٠٠ کیلۆمەتری بڕیووە و لە دەریای ژاپۆن کەوتووەتە خوارەوە.
ئەوەی بووە جێی سەرنج ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییە بوو کە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە مانۆڕە هاوبەشەکەی کۆریای باشوور و ئەمریکا لە ١٤ی ئادار دەستی پێ کرد و ٢٣ی ئادار کۆتایی هات.