Zana Natık Kerem
03 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2023
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە سوپاسی تورکیا دەکەن بۆ دابینکردنی بەشە ئاوی عێراق و ئاماژەی بەوەیشدا کە پێویستییان بە بەرێوەبردنێکی باش ھەیە لە بواری ئاودا.
محەمەد شیاع سوودانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی "ئەلجەزیرە"ی قەتەریی باسی لە ژمارەیەک رۆژەڤ کردووە لەنێویاندا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئەنجامدانی چاکسازی ئابووریی، بنبڕکردنی گەندەڵی، رێککەوتنی نێوان ئێران و سعوودیە، ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا رایگەیاندووە کە عێراق توانیویەتی بەسەر تیرۆردا سەربکەوێت و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای باشیان ھەیە لە دابینکردنی ئاسایش بۆ ھاووڵاتییان و گوتوویەتی: "پێویستییمان بەھێزی شەڕکەری بیانی نییە، بەڵام پێویستییمان بە پەیوەندییەکی ئەمنی و ھاریکاریی ھەیە لە بوارەکانی راھێنان و ئالوگۆری زانیاری ھەواڵگریی، ھەوڵ دەدەین ئەمە لەڕێگای ھاریکاریی دووقۆڵییەوە رێک بخەین".
محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووریی باسی لەوە کردووە کە بەرنامەیەکی باشیان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە بوای ئابوورییدا داناوە و رایگەیاندووە کە چاکسازی لەسەر بنەمای فەلسەفە و دیدگای نوێ ئەنجام دەدرێت و سەرجەم کەرتەکانیش دەگرێتەوە و گوتوویەتی: "عێراق وڵاتێکی کشتوکاڵی و پیشەسازییە، ھەروەھا بنەمای ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھاتی هەیە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی ھەوڵەکانیان بۆ راگرتنی بەھەدەرانی ئەو غازەی کە لەگەڵ نەوتدا دەردەپەڕێت، رایگەیاندووە کە لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ راگرتنی سووتانی ئەو غازەی لەگەڵ نەوتدا دەردەپەڕێت، چونکە عێراق ساڵانە بە بەھای ھەشت تریلیۆن دینار غاز ھاوردە دەکات.
محەمەد شیاع سوودانی ئاشکراشی کردووە، ئەو ئاڵنگارییانەی کە ئێستا رووبەڕووی دەوڵەت بووتەوە گەندەڵییە و ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەستەم نییە، بەڵام لە قوناغەکانی رابردوودا ئیرادە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەبووە و گوتوویەتی: "گەندەڵییەکی زۆر لە داھاتی گومرک و دەروازە سنوورییەکاندا ھەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران لەو گەندەڵییە تێوەگلاون".
گوتیشی: "بەگوتەی دادگا تۆڕێک لە گەورە بەرپرسانی حکوومەتی بەشداربوون لە داپۆشین و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ دزینی پارەکانی دەستەی گشتیی باج کە بە دزینی سەدە ناوزەد دەکرێت، ئەگەر لەم پرسەدا، لێپرسینەوە نەکرێت و پارەکە نەگەرێندرێتەوە، قسەکردن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ھیچ مانایەکی نابێت".
محەمەد شیاع سوودانی باسی لەوەیش کردووە کە بۆ سێ ساڵ، بوودجەی گشتییان ئامادە کرد کە دەبێتە مایەی سەقامگیریی دارایی، ھەروەھا دەرفەتی باش بۆ کەرتی تایبەت دەرخسێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت کاری وەبەرھێنان بکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەی بوونی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە عێراق راگەیاندووە کە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران ساڵانێکە وەک پەنابەر لە عێراق بوونیان ھەیە، بەڵام بوونیان وەک چەکدار و چوونیان لە عێراقەوە بۆناو خاکی ئێران ئەنجامدانی ھێرشی چەکداری، بەپێی دەستووری عێراق رەتکرایەوە.
محەمەد شیاع سوودانی رەتی کردووەتەوە کە عێراق پاشکۆی رۆژھەڵات یان رۆژئاوا بێت و گوتوویەتی: "ھیچ رۆژێک عێراق پاشکۆی رۆژھەڵات و رۆژئاوا نەبووە، لەبەر ئەوە با ھیچ کەسێک موزایدە لەسەر پرسی سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانییمان ناکات".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێککەوتنی نێوان ئێران و سعوودیە بە کارێکی گرنگ لەقەڵەمداوە و رایگەیاندووە کە رێککەوتنەکە، دەبێتەی مایەی سەقامگیریی لە ناوچەکە و گوتوویەتی: "ئابووریی لە ناوچەکە، گەشە ناکات، ئەگەر ھاریکاریی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا نەبێت".
محەمەد شیاع سووانی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە رێگا نادەن لە خاکی عێراقەوە ھێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ و گوتوویەتی: "بەپێی دەستووری عێراق، ئەنجامدانی ھێرش لە خاکی عێراقەوە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ کارێکی رەتکرایەوە، لەبەر ئەوە رێگا نادەین لە خاکی عێراقەوە ھێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ".
محەمەد شیاع سوودانی باسی لەوەکردووە کە عێراق و تورکیا ھاوبەشیی و بەرژەوەندیی زۆریان ھەیە و رایگەیاندووە لە ماوەکانی داھاتوودا، ھاوبەشی ئابووریی لەگەڵ تورکیا دروست دەکەن و چەندین پرۆژەی ستراتیجیی جێبەجێ دەکەن کە دەبنە مایەی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
گوتیشی: "سوپاسی تورکیا دەکەین بۆ دابینکردنی بەشە ئاوی عێراق لە ھەمان کاتدا ئێمە پێویستییمان بە بەرێوەبردنێکی باش ھەیە لە بواری ئاودا".
محەمەد شیاع سوودانی ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لیژنەی ھاوبەش لەنێوان عێراق، تورکیا و ئێراندا ھەیە و گوتوویەتی: "لیژنەکە کار دەکات بۆ گەیشتن بەرێککەوتنێک کە پەیوەندییەکان و چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان رێک بخرێن، ھەروەھا لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا لێکگەیشتنێک ھەبووە سەبارەت بەبوونی ھێزی فیدراڵیی لەسەر سنوورەکان لەگەڵ تورکیا وئێران".