مامی ئەحمەد ئەلئەحمەد کە لە ئوستڕاڵیا بە پاڵەوان ڕاگەیاندراوە، لە سووریاوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد
- "ئەو کردەوەیە نەک تەنیا بۆ ئێمە بەڵکو بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی و سووریاش، جێی شانازییە". - "ئەحمەد ئێستا لە نەخۆشخانەیە بۆ نەشتەرگەری دیکە و دەرهێنانی فیشەکەکان، دۆخی تەندروستیشی جێگرە".
Istanbul
ئیدلب - AA
مامی ئەحمەد ئەلئەحمەد ئەوە کەسەی کە لە ئوستڕاڵیا لە کاتی هێرشەکەی سیدنی'دا بوێرانە دەستوەردانی کرد و گیانی چەندین کەسی ڕزگار کرد و بە هۆیەوە لەو وڵاتە بە پاڵەوان ڕاگەیاندراوە، لە ئیدلب'ەوە قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.
محەمەد ئەلئەحمەد، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی، لەو ڕەفتارەی ئەحمەد، خەڵکی سووریا دڵخۆشن و ئەوە بۆ گەلی سووریا و موسڵمانان جێی شانازییە.
محەمەد ئەلئەحمەد'ی مامی ئەحمەد ئەلئەحمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، خۆشحاڵی خۆی بە هەڵسوکەوتی برازاکەی لە ئوستڕاڵیا نیشان دا.
ئەو گوتی، برازاکەی لەدایکبووی ١٩٨١ە و کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٧ لە زانکۆی حەلەب خوێندنی تەواو کردووە بەرەو ئوستڕاڵیا کۆچی کردووە و گوتیشی: "گەیشتە ئوستڕاڵیا، مافی وڵاتیبوونی وەرگرت و ژیانی هاوبەشی پێکهێنا و بوو بە خاوەنی دوو منداڵ. لە کاتی هێرشەکەدا هیچ دوو دڵ نەبوو و بۆ ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤەکان دەستبەجێ جووڵایەوە".
محەمەد ئەلئەحمەد گوتی: "ئەو کردەوەیە بۆ خێزانەکەمان, گەلەکەمان و ڕیشەکەمان، کردەوەیەکی جێ شانازی بوو، ئەحمەد لەو کاتەدا بە بێ بیرکردنەوە لە شوناس، ئایین و هاووڵاتی وڵاتێکی دیاریکراو، تەنیا بیری لە ڕزگارکردنی مرۆڤەکان کردەوە".

ئەو گوتیشی: ئەو کردەوەیەی برازاکەم، بەڕاستی کردەوەیەکی بوێرانە بوو.
محەمەد ئەلئەحمەد ڕاشیگەیاند، "دەستوەردانی ئەو و چەککردنی هێرشبەرەکە، تەنیا بۆ ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤەکان بوو. ئەو کردەوەیە نەک تەنیا بۆ ئێمە بەڵکو بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی و سووریاش، جێی شانازییە".
گوتیشی: "زۆر کەس لەو ساتەدا نازانن کە پێویستە چی بکەن، بەڵام ئەوەی ئەحمەد کردی، کردەوەیەکی پاڵەوانانە بوو".
لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەحمەدیشەوە، مامی گوتی: "ئەحمەد ئێستا لە نەخۆشخانەیە بۆ نەشتەرگەری دیکە و دەرهێنانی فیشەکەکان. دۆخی تەندروستیشی جێگیرە".
ئەحمەد ئەلئەحمەد لە هێرشەکەی سیدنی کە بووە هۆی کوژرانی ١٥ کەس دەستوەردانی کرد و یەکێک لە هێرشبەرەکانی چەک کرد و بەو شێوەیە ڕێگری کرد لە کوژرانی خەڵکانێکی دیکە.
