لێدوانی شایەتحاڵانی شەڕی ناوخۆ و ئۆپەراسیۆنی ڕووخاندنی ڕژێم لە سووریا
Halab
حەلەب - AA
شایەتحاڵانی ئەو پرۆسە سەربازییەی بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە ٦١ ساڵ سووریای بەڕێوەبرد، ناتوانن برینە قووڵەکانی کۆمەڵکوژییەکانی ڕژێم و گۆڕانکارییەکانی دوای شۆڕش لەبیر بکەن.
دوای ١٤ ساڵ شەڕ و پێکدادان، "ئۆپەراسیۆنی دوورخستنەوەی دوژمن" لە ئیدلیبەوە دەستی پێکرد و لە هەشتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد کۆتایی هات و، لاپەڕەیەکی نوێی لە وڵاتەکەدا کردەوە.
ڕۆژنامەنووسی سووری، نەبیحە تاها، کە لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە کردووە، ئاماژەی بەوە کرد لە کاتی ڕووخانی ڕژێمدا یەکەم چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسێک بووە کە لە زیندانەکان ئازاد کراوە و، گوتی: "شایەتی ساتەکانی ئازادبوونی کەسێک بووم کە هەشت ساڵ لە زینداندا بوو. دەرچوونی ژن و پیاو و منداڵان لە زیندانەکان ساتێکی لەبیرنەکراو بوو".
کارمەندی تەندروستیی سووری، نەبیل شێخ عومەر ئازادکردنی سووریای بە مانای "گەڕانەوەی هیوا و دادپەروەری" ناوبرد.
نەبیل باسی لەوە کرد کە لە کاتی کارکردنی لە نەخۆشخانەدا، مەدەنی و چەکدار، تەنانەت کارمەندانی تەندروستییش کراونەتە ئامانج و نەخۆشخانەکانیان بۆمباران کراون.
هەروەها نەبیل گەڕانەوەی بۆ حەلەبی ئازادکراو بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناوزەند کرد، هاوکات نیگەرانی خۆیشی لەبارەی شەهیدبوونی کارمەندانەی تەندروستی دەربری.
ئاسید پاشا، چالاکوان و یەکێک لە پێشەنگانی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکانی ساڵی ٢٠١١ لە حەلەب، ئاماژەی بەوە کرد کە ئاڵای شۆڕشیان وەک سیمبولی فیداکاری هەزاران شەهید دەبینن.
پاشا هیوای خواست حەلەب بە خێرایی ببوژێتەوە و، ڕایگەیاند: "باوەڕمان وایە هەنگاو بە هەنگاو حەلەب زیندوو دەبێتەوە. هێڵی بازرگانی، لەوانە ڕێگای ئاوریشم، دووبارە بەم شارەدا تێدەپەڕێت".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
