Muhammet Ali Kemal
24 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2016
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مارک تۆنەر سەبارەت بە گوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق مەسعود بارزانی کە رایگەیاندبوو ''پەیەدە و پەکەکە بە تەواوەتی هەمان شتن'' ئاماژەی بەوەکرد ئەو دوو گرووپە لەیەکتری جیاوازن و ئەوان بەردەوام دەبن لەکارکردن لەگەڵ پەیەدە لە باکووری سووریا.
تۆنەر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا سەبارەت بە لێدوانەکەی بارزانی بۆ ماڵپەڕی ئالمۆنیتۆر کە رایگەیاندبوو ''پەکەکە و پەیەدە هەمان گرووپن و ئەمریکاش ئەمە دەزانێت''، قسەی کرد.
لە وەڵامی پرسیارێکدا بەوەی ''چی دەڵێن سەبارەت بەو لێکدانەوانەی پێیان جگە لە هێزی پێشمەرگە کە کاریان لەگەڵ دەکەن، ئێوە دەزانن کە پەکەکە و پەیەدە یەک گرووپن و بەڵام لەبەر ئۆپەراسیۆنەکانی دژی رێکخراوی تێرۆریستیی داعش، ئێوە چاوتان لەم راستییە نووقاندووە''، تۆنەر رایگەیاند ''ئێمە لەسەر ئەو سیاسەتەمان بەردەوامین کە پێمان وایە پەکەکە رێکخراوێکی تێرۆریستیی بیانییە. ئەمەمان لە چەند مانگی رابردووشدا دووپات کردووەتەوە. ئێمە ئەو هێرشە تیرۆریستییانە ئیدانە دەکەین کە دەیکاتە سەر هاووڵاتییانی تورکیا''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئەوان لەگەڵ پەیەدە/یەپەگەدا لە باکووری سووریا کاردەکەن و رایگەیاند: ''لەگەڵ پەیەدە یان یەپەگە لە ژمارەیەک ناوچەی سووریا و لەگەڵ زۆر گرووپی دیکە کە لەدژی داعش شەڕدەکەن و دەیانەوێت ئەو رێکخراوە لەو ناوچانە دابماڵن، کاردەکەین و ئێوەش ئەمە دەزانن''.
تۆنەر جەختی لەوەکردەوە سەرەڕای ئەوەی پشتیوانیی پەیەدە دەکەن بەڵام لەنێو خۆشیاندا بیروڕای جیاواز لەوبارەیەوە هەیە و ئاماژەی بەوەکرد ئەوان پشتگیری لە داواکارییەکانی پەیەدە بۆ بەدەستهێنانی نیمچە ئۆتۆنۆمی ناکەن.
مارک تۆنەر نەیشاردەوە کە لە بابەتی پەکەکە و پەیەدەدا بەرپرسانی تورکیاش کاردانەوەیان نیشانداوە و گوتی: ''بەڵام ئێـمە هێشتا پێمان وایە ئەم دوو گرووپە دوو گرووپی جیاوازن''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند: ''هەروەک چۆن رێزمان لە نیگەرانییەکانی بەرپرسانی تورکیا لەمبارەیەوە گرتووە، رێز لە بۆچوونەکانی بارزانیش دەگرین''.