Mücahit Oktay
24 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2023
نیویۆرک - AA
لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، هاووڵاتییانی تورک گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزیان لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە شاری ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید، کرد.
کاردانەوەکان بەرامبەر سووتاندنی قورئان لەلایەن سیاسەتمەداری راستڕەوی توندئاژۆی سویدی، راسموس پالودان بەردەوامن.
بە سەرپەرشتی سەرۆکایەتی ئەمریکای یەکێتیی نێودەوڵەتی دیموکراتەکان و بە پشتیوانی ئەندامانی کۆمەڵەی تورک و بەشێک لە هاووڵاتییانی عەرەب و سریان، سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانیان لە شاری ستۆکهۆڵم کرد.

گردبوونەوەکە لەبەردەم ماڵی تورک لە نیویۆرک دەستی پێ کرد و خۆپیشاندەران تا بەردەم بینای کۆنسولخانەی سوید رێپێوانیان کرد و لەبەردەم بینای نوێنەرایەتییەکە بە زمانەکانی تورکی و ئینگلیزی، راگەیەندراوی گردبوونەوە ناڕەزاییەکەیان خوێندەوە.
سەرۆکی لقى ئەمریکای یەکێتیی نێودەوڵەتی دیموکراتەکان، لەڤەنت عەلی یڵدز ئەوەی خستەڕوو کە خۆپیشاندانەکە بە دروشمی "نەخێر بۆ کینە، بەڵێ بۆ ئاشتی و برایەتی" ئەنجامدراوە و تیایدا تیشک خراوەتە سەر دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا کە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا لەزیادبووندایە، گوتیشی: "سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن سیاسەتمەدارێکی نەژادپەرست کە لە هەمان کاتدا هەڵگری رەگەزنامەی سوید و دانمارکە، کارێکی تێکدەرانەیە کە بە ئازادی بیروڕا هەژمار ناکرێت و تاوانێکی ئاشکرای پڕ کینەیە".

لەڤەنت عەلی یڵدز ئاماژەی بەوەشدا کە وەک موسڵمان باوەڕیان بەوە هەیە کە قورئانی پیرۆز هەتا رۆژی دوایی لەلایەن خوای گەورەوە دەپارێزرێت "بەڵام بێهەڵوێست نابن لەبەردەم هێرشکردنە سەر قورئانی پیرۆز و ئایینی ئیسلام"، هەمان کاردانەوەشیان بەرامبەر سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی هەموو ئایینەکانی دیکە دەبێت.
گردبوونەوەکە ماوەیەک لەبەردەم کۆنسولخانەی سوید مایەوە و بەدەم گوتنەوەی دروشمەوە داوای لە بەرپرسانی سوید کرد لە بەرامبەر ئیسلامۆفۆبیا و تاوانەکانی کینەدا هەستیارتربن، هەروەها بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە زمانی ئینگلیزی راگەیەندراویان بەسەر هاووڵاتییانی ئەمریکاییدا دابەش کرد.
