Muhammet Tarhan
24 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە – AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە شاری لاهای هۆڵەندا، بەتوندی سەرکۆنە کرد و بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین، باڵیۆزی هۆڵەندا لە ئەنقەرە، جۆو وچننس بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە هۆڵەندا راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە: "بەتوندی سەرکۆنەی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز کە کتێبی پیرۆزی ئێمەیە لەلایەن کەسێکی دژەئیسلام دەکەین لە رێککەوتی ٢٢ی کانوونی دووەم لە لاهای. ئەم کارە قێزەونە کە ئەمجارە بە دوای کارە قێزەونەکەی سویددا ئەنجام درا، دەرخەری روونی ئەوەیە کە دژایەتیکردنی ئیسلام و بیانییەکان و جیاکاری لە ئەورووپا ئیدی سنوور ناناسێت".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە بەم جۆرە کارە تەنها موسڵمانمان نا، بەڵکوو ماف و ئازادییەکانی تەواوی مرۆڤایەتی و بەها مەعنەوییەکان راستەوخۆ بە ئامانج گیراون، نووسیوویەتی: "ئەم کارە هەروەها زیانی بە کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە گەیاندووە. باڵیۆزی هۆڵەندامان لە ئەنقەرە بانگهێشت کردووە و بەتوندی سەرکۆنەی ئەو کارەمان کردووە، هەروەها داوامان کردووە هۆڵەندا رێگە نەدات بەم جۆرە کارە ئیستیفزازیانە و داوامان کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هۆڵەندا، رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بەرامبەر ئەو کەسە و هەنگاوی گرنگ بنێن بۆ دووبارەنەبوونەوەی کاری قێزەونی لەم جۆرە".