Hamdi Yıldız
09 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2022
مەغریب - AA
سەرچاوەیەکی سەربازی لە مەغریب رایگەیاند کە لە ماوەی سێ رۆژدا، ٢٥٦ کۆچبەری نایاسایی رزگارکراون کە ویستویانە لە دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسییەوە بەرەو ئەورووپا بپەڕنەوە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی مەغریب بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی سەربازیی بڵاوی کردەوە، ئەو کۆچبەرانەی لە رۆژانی ٥-٨ی شوباتدا لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانەوە رزگارکراون زۆربەیان لە وڵاتانی باشووری بیابانی گەورەی ئەفریقاوە هاتوون.
بەپێی هەواڵەکە لەنێو تێکڕای ئەو ٢٥٦ کۆچبەرەدا، ٤١یان ژن و پێنجیان منداڵ بوون.
بەرپرسانی مەغریب باس لەوە دەکەن کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە تا ئێستا، رێگری لە زیاتر لە ٤٢ هەزار کۆچبەر کراوە و ١٥٦ تۆڕی تاوانکاریش لەناوبراون کە لە بواری کۆچی نایاساییدا کاریان کردووە.