Zana Natık Kerem
18 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
حکوومەتی عێراق رایگەیاند، بەبۆنەی ھاتنەوەی سەری ساڵی کۆچییەوە، سبەی چوارشەممە پشووی فەرمی دەبێت.
ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سبەی چوارشەممە ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٣، یەکەم رۆژی سەری ساڵی کۆچییە و بەو بۆنەیەوە لەسەرجەم دامودەزگاکان، پشووی فەرمی دەبێت.
دوێنێ دووشەممە، دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ سێشەممە، تەواوکەری مانگی زولحیەجەیە و رۆژی چوارشەممە ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٣، یەکی مانگی موحەڕەمە.
سەری ساڵی کۆچی ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی کۆچکردنی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد (د.خ) لە مەککەوە بۆ مەدینە و بەپێی ساڵنامەی کۆچی سبەی چوارشەممە دەبێت بە یەکی موحەڕەمی ساڵی ١٤٤٥ی کۆچی.
ساڵنامەی کۆچی، ١٢ مانگە کە بریتیین لە (موحەڕەم، سەفەر، رەبیعی یەکەم، رەبیعی دووەم، جیمادی یەکەم، جیمادی ئاخر، رەجەب، شەعبان، رەمەزان، شەوال، زولقەعیدە و زولحیەجە).