Murat Başal
05 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2023
دیاربەکر - AA
لە رۆژانی جەژنی قورباندا نزیکەی ١٠٠ تۆن قەدایفی برمەی تۆمارکراو لە دیاربەکر فرۆشراوە کە بڕێکی زۆری رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی تورکیا کراوە.
بەرهەمهێنەرانی قەدایف لە شارەکەدا بۆ ئەوەی بەتەواوی ئەو داواکارییانە رابگەن کە بەرلە جەژنی قوربان وەریانگرتبوو، هەوڵەکانیان چڕ کردەوە و شەو و رۆژیان خستە سەر یەکتر.
قەدایفی برمە کە شەش ساڵ لەمەوبەرلەلایەن کۆمەڵەی داهێنەران و بە بڕانکردنی تورک-ەوە بەڵگەی تۆمارکراوی هێمای جوگرافی وەرگرتووە لە فستق، گوێز، کرێم و پەنیر دروست دەکرێت.

سەرۆکی ژووری خاوەن چێشتخانە، کەبابخانەکان و فرۆشگاکانی شیرینی، هاشم ئەلکان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، نزیکەی ٣٤٠ خاوەن فرۆشگای شیرینی لە شارەکەدا هەن و شەش هەزار و ٨٠٠ کەسیش هەن کە لەم پیشەسازییەدا کار دەکەن.
ئەلکان ئاماژەی بەوەش دا کە بە تێکڕا لە رۆژانی ئاساییدا، حەوت تۆن شیرینی لە دیاربەکر بەرهەم دەهێنرێت و لە رۆژانی جەژن و رۆژە تایبەتەکاندا ئەو ژمارەیە تێدەپرێنرێت.
هاشم ئەلکان روونی کردەوە کە سەرەتای دروستکردنی قەدایفی برمە بۆ زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و پیشەی دروستکردنی قەدایف لە باوباپیرانەوە بۆ نەوەکان گواستراوەتەوە.

بە ئاماژەدان بەوەی کە خواردنی قەدایف لە رۆژانی جەژن زیادی کردووە، ئەلکان گوتی: "بەو پێیەی ماوی پشووی جەژن نۆ رۆژ بوو، نزیکەی ١٦٠ تۆن شیرینی لە دیاربەکر فرۆشرا کە نزیکەی ١٠٠ تۆنیان قەدایفی برمە بوو. ئەو جۆرەی کە لە فستق دروست دەکرێت زۆرترین خواستی لەسەرە. بڕێکی زۆر لە بەرهەمەکانمان رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی تورکیا کرد".
عومەر ئەلاڵدی کە یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی شیرینی گوتی: "لەم جەژنەدا وەک هەموو جەژنێکی دیکە خواستێکی زۆر لەسەر شیرینی هەبوو، گەیشتینە ئەو ژمارەی کە دەمانویست".