Tuğçenur Akgün
18 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2023
نیویۆرک - AA
لە ئاکامی ئەو هێرشە چەکدارییانەی کە دوێنێ لە چەند ویلایەتێکی جیاوازی ئەمریکا روویدا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.
بەپێی لێدوانی پەرپرسانی پۆلیسی ناوچەی گرانت لە ویلایەتی واشنتۆن، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵێکدا کە ئێوارەی رۆژی شەممە بەڕێوەدەچوو، هێرشێکی چەکداریی لە نزیک شانۆی جۆرج روویداوە و لە ئاکامدا دوو کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.
بەرپرسەکان دەستگیرکردنی هێرشبەرەکەیان راگەیاند.
هاوکات لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریی دیکەدا کە نیوەی شەو لە شاری ساینت لویس لە ویلایەتی میزوری روویداوە، کەسێک کوژرا و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.
لای خۆیەوە پۆلیسی ناوچەی دوپایج لە ویلایەتی ئیلینۆیز ئاشکرایانکرد کە لە ئاکامی تەقەکردن لە نیوەی شەوی شەممەدا لە کاتی ئاهەنگی "حوزەیران ١٩" (Juneteenth) کە لە وڵاتەکە بە رۆژی کۆتایی هێنان بە کۆیلایەتی ناسێندراوە، ٢٠ کەس برینداربوون و کەسێکیش کوژراوە.
کاربەدەستان، زانیاری ئەوەیان بڵاوکردەوە کە هێرشەکە لە پارکێکی ئۆتۆمبێلدا روویداوە و بریندارەکانیان بە ئامبوڵانس بۆ نەخۆشخانەکان گواستووەتەوە.
هێشتا هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی سەبارەت بەوەی هێرشبەرەکە کێیە و پاڵنەرەکەی چییە بڵاونەکراوەتەوە. لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.