Menna Ahmed
11 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2018
جنێڤ ــ AA
رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور رایگەیاند کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە، زیاتر لە ١٠٠ کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکانی لیبیا خنکاون.
رێکخراوەکە کە بارەگەکەی لە شاری جنێڤە لە راگەیەندراوێکدا وردەکاری لە بارەی خنکانی ئەو کۆچبەرانە لە کەناراوەکانی لیبیا بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو کۆچبەرانە کە لەنێویاندا منداڵ ھەبوون لەنێو دوو بەلەمی پلاستێکدا بوون، بەر لەوەی ژمارەیەکیان رزگار بکرێن و لە لایەن ھێزەکانی پاسەوانی سنووری لیبیاوە بگوازرێنەوە بۆ شاری خمس رۆژھەڵاتی تەرابلوس.
رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور روونیکردووەتەوە کە دوو بەلەمەکە لە بەیانی رۆژی یەکی ئەم مانگە لە کەناراوەکانی لیبیا دەستیان بە جووڵەکردبوو کە ھەریەکیان ١٦٠ کۆچبەری نایاسایی ھەڵگرتبوو.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو کۆچبەرانە ھەڵگری رەگەزنامەی ژمارەیەک وڵاتی ئەفریقا بوون لەوانە سوودان، مالی، نێجیریا، کامیرون، گانا، لیبیا، جەزائر و میسر.
ھاوکات یەکێک لەو کۆچبەرانەی کە رزگارکراوە بۆ رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور قسەی کردووە و گوتوویەتی: "یەکێک لە بەلەمەکان بە ھۆی لەکارکەوتنی بزوێنەرەکەی پەکی کەوتبوو، بەڵام ئەوەی دیکەیان ھەوای تیایدا نەمابوو".
بە گوتەی کۆچبەرەکە تەنھا لە بەلەمەکەی ئەواندا، ٥٥ کۆچبەر رزگارکران، ئەوانەی دیکە خنکان.
ئەو کۆچبەرە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو زانیاری لەسەر خنکانی ٢٠ منداڵ ھەیە لەنێویاندا دوانەیەکی تەمەن ١٧ مانگ ھەبوون.