14 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2020
ئیستانبوڵ - AA
بەناو حکوومەتی رۆژهەڵاتی لیبیا کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدانەنراوە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی توبروق، عەقیلە ساڵح کرد.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی توبروق کە لەلایەن میلیشیاکانی سەرکردەی کودەتاچی، خەلیفە حەفتەر پشتیوانی لێ دەکرێت ماوەی چەندین ساڵە لە ململانێدایە لەگەڵ حکوومەتی شەرعی لیبیا لەسەر شەرعیەت و دەسەڵات لەو وڵاتەدا.
ماڵپەڕی ئەنجوومەنی نوێنەرانی توبروق بڵاویکردووەتەوە، حکوومەتی کاتی بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا سەنی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، عەقیلە ساڵح کردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنەکە بۆ پەسەندکردنی (بەبێ دیاریکردنی هیچ وادەیەک).
هەنگاوی دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەت لە میانی کۆبوونەوەی نائاسایی هات کە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی توبروق لەگەڵ حکوومەت ئەنجامیدا بەمەبەستی تاوتوێکردنی هۆکاری ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی لیبیا و ناڕەزایەتیی خۆپیشاندەران لەبەرامبەر خراپی خزمەتگوزاری گشتیی.
ناوچەی رۆژهەڵاتی لیبیا بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی گشتی وەک تەندروستی و کارەبا و کەمی نەختینە لە بانکەکان دەناڵێنێت.
بە پشتیوانی لە وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا، هێرشەکانی حەفتەر بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیل، لەگەڵ کاولکارییەکی زۆر بەتایبەت لە ناوچەی رۆژئاوا لە لیبیا.
وێڕای ئەوەی لە ٢١ی ئابی رابردوو ئاگربەست لە لیبیا راگەیەنراوە، بەڵام ناو بەناو ئەو ئاگربەستە لەلایەن میلیشیاکانی حەفتەرەوە پێشێل دەکرێت.