Mazın Asad,Abdullah Shukur
13 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2017
ئیستانبوڵ - AA
لەدوای بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، لەسەر داوای سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لووتکەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی لە شاری ئیستانبوڵ ئەنجامدرا و تێدا بڕیاری ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستینی کە پایتەختەکەی قودسی رۆژھەڵات بێت، دەرکرا.
ئەمڕۆ لووتکەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی لە ھۆڵی پێشانگا و کۆنگرەی نێودەوڵەتی لوتفی کردار لە شاری ئیستانبوڵ دەستیپێکرد و بەیانی ئەمڕۆش لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کۆبوونەوەی یەکەم ئەنجامدرا و تیایدا وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو وتارێکی پێشکەش کرد.
لە لووتکەکەدا سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و شاری ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سکرتێری گشتی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی، یوسف بن ئەحمەد عوسەیمین وتاریان پێشکەش کرد.
ئەردۆغان لە وتارەکەیدا داوای لە ئەمریکا کرد کە بە زووترین کات لەم بڕیارە تێکدەرانەیە پاشگەز ببێتەوە کە لەبارەی قودس دەریکردووە.
لای خۆیەوە شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم رایگەیاند کە بڕیارەکەی ئەمریکا لەبارەی قودس مەترسیدارە و ئەوەشی خستەڕوو کە ھەوڵی گۆڕینی ناسنامەی کریستیانەکان و مووسڵمانە عەرەبەکان دەبێتە پشتیوانیکردن لە تیرۆریزم و توندڕەوی.
ھاوکات سەرۆکی دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستین، مەحمود عەباس جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کار بۆ ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستینی بکرێ. گوتیشی: "ھەرگیز رێگە نادەین لە داھاتوودا ئەمریکا بەشداری لە قۆناغی ئاشتی سیاسی بکات".
- راگەیەنراوی لووتکەکە
پێشنیاری سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ناسینی قودسی رۆژھەڵات وەک پایتەختی فەڵەستین، لە راگەیەنراوی لووتکەکەدا جێی خۆی کردەوە.
دوای لووتکەکە، ئەندامانی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامیی راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە کە تیایدا قودسی رۆژھەڵات وەک پایتەختی فەڵەستین راگەیەندرا و بانگھێشتی ھەموو جیھان کرا بۆ ئەوەی قودسی رۆژھەڵاتی داگیرکراو وەک پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین، بناسن.
ھەروەھا لە راگەیەنراوەکەدا بانگەوازی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش کراوە ک دەستبەجێ بەرپرسیارێتی خۆی لەوبارەیەوە جێبەجێ بکات و کۆتایی بە داگیرکاری ئیسرائیل لە خاکی فەڵەستین بھێنرێت.
- زیاتر لە ٥٠ وڵات بەشداری کرد
لە لووتکەی نائاسایی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامیی لە ئیستانبوڵ، سەرۆک و سەرکردە و میر و نوێنەری ٤٨ وڵات بەشداری لە لووتکەکە بوون کە بریتین لە: ئەفغانستان، ئازەربایجان، برۆنی، بەنگلادیش، ئیندۆنێزیا، فەڵەستین، غینیا، ئێران، قەتەر، کوێت، کۆمۆرۆس، لوبنان، سۆماڵ، سودان، تۆگۆ، ئوردن و یەمەن لەسەر ئاستی سەرۆکوەزیران، سەرکۆمار یان شا و میرەکانیان بەشدارییان کرد.
ھاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی لیبیا، جیبۆتی، سەرۆکی پەرلەمانی کازاخستان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و مالیزیا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی ئۆزبەکستان و نوێنەری سوڵتانشینی عومانیش وەک نوێنەری تایبەت بەشداربوون لە لووتکەکەدا.
ھەروەھا سەرکۆماری تورکی قوبرسی باکوور، مستەفا ئاکنجی وەک چاودێر و سەرۆکی فێنیزوێلا، نیکۆڵاس مادورۆ وەک میوان ئامادەی لووتکەکە بوو.
- بایەخی زۆری رۆژنامەوانان
رۆژنامەوانانیش بە بایەخێکی زۆرەوە چاودێری لووتکەکەیان کرد.
لە لووتکەکەدا نزیکەی ٦٥٠ رۆژنامەنووسی ناوخۆ و بیانی چاودێری لووتکەکەیان کرد کە ٣٧یان سەر بە دامەزراوەی میدیایی بیانین.