26 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2020
AA
سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ كرد.
میدیای فەرمی عێراق بڵاوی كردەوە كە فوئاد حوسێن لەچوارچێوەی سەردانەكەی بۆ تاران لەگەڵ حەسەن روحانی كۆبووەتەوە.
باسی لەوەشكردووە كە كۆبوونەوەكە لە كۆشكی سەرۆكایەتی سەعد ئاباد لە تارانى پایتەختی ئێران بەڕێوەچووە و لە میانیدا هەردوولا سەبارەت بە ژمارەیەك دۆسیەی گرنگ گفتوگۆیان كردووە كە تایبەت بوون بە پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لەچوارچێوەی سەردانەكەی بۆ تاران لەگەڵ هاوتا ئێرانييەكەی، محەمەد جەواد زەریف كۆبوویەوە.سەبارەت بەو پرسانەی كە جێگەی بایەخ و گرنگی هاوبەشی هەردوو وڵات بوون گفتوگۆیان كرد.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بەسەردانێك گەیشتە تاران پایتەختی ئێران.
فوئاد حوسێن لە میانی سەردانەكەی بۆ تاران كە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، چۆنییەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران تاوتوێ دەكات.
ئەمە یەكەم سەردانی وەزیری دەرەوەی عێراقە وەک سەرۆکی شاندێکی دیپلۆماسی کە دوای دەستبەكاربوونی وەك وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئێران ئەنجامی بدات.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن هەفتەی رابردوو سەردانی ئەورووپای كردبوو كە لە میانیدا بە جیا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەلجیكا كۆبوویەوە.