Zana Natık Kerem
09 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رەوشی پەنابەرانی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە و لێكەوتەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی توركیا، ئوردن، لوبنان، پاكستان و نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا و كۆمیسیار بۆ كاروباری پەنابەران و ئاوارەكان تاوتوێ كرد.
لەوبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە فوئاد حوسێن لە كۆنگرەیەكی (ڤیدیۆ كۆنفرانسدا) بەشداریی كردووە كە بۆ تاوتوێكردنی رەوشی پەنابەران و ئاوارەكان لە سایەی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) سازكرابوو.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆنگرەكەدا، هەریەك لە وەزیرانی دەرەوەی توركیا، ئوردن، لوبنان، پاكستان و نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا و كۆمسیار بۆ كاروباری پەنابەران و ئاوارەكان بەشداربوون.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە لە كۆنگرەكەدا، ئەو رێوشوێنانەی كە پێویستە بۆ پاراستنی گیانی پەنابەران و ئاوارەكان لە سایەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بگیرێنەبەر تاوتوێ كراوە، جگە لەوەیش گفتوگۆ كراوە سەبارەت بە پێشكەشكردنی پاڵپشتی لەلایەن وڵاتانەوە بۆ ئەو چینانەی كە پەراوێزخراون.
باس لەوەیشكراوە كە هەر لە میانی كۆنگرەكەدا، لێكەوتەكانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە داهاتوودا، پەیوەست بە پاراستنی گیانی ئاوارەكان، خراوەتە بەرباس.