Sarmand Hameed
20 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پێشوازی لە فاتیح یڵدز کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەک باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا.
بەگوێرەی ئەو راگەیاندراوەی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە کراوە و جەخت لە زیادکردنی قەبارەی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا کراوەتەوە.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکە، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ستایشی فاتیح یڵدزی کردووە لەماوەی ئەرکەکەیدا وەک باڵیۆزی تورکیا بەتایبەت لە رۆڵ بینینی لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە لە ئەرکی دیپلۆماتی داهاتوویدا.
فوئاد حوسێن جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات و کارکردنی هاوبەش کردووە کە ئاسایش و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە و جیهان دەستەبەر بکات.
لەلای خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتیح یڵدز سوپاسی فوئاد حوسێن و پشتیوانییەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی کردووە بۆ سەرکەوتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی لە بەغدا و جەختی لە بەردەوامی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ عێراق و کارکردن لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.