Zana Natık Kerem
20 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە میانی پەیڕەوکردنی پلانێکی ستراتیجیی نیشتمانیی گشتگیر، ھەوڵەکانی پتەوترکردووە لەشەڕی دژبە تیرۆر و ئاماژەی بەوەیشدا، ئەو سەرکەوتنانەی کە بەسەر تیرۆریستاندا بەدیھاتوون، وای لە حکوومەتی عێراق کردووە بە ئاراستەی دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان، ھەنگاو بنێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، فوئاد حوسێن لە میانی حەڤدەھەمین لووتکەی دایەلۆگی مەنامە بۆ ئاسایشی ھەرێمیی، گوتارێکی پێشکەش کردووە و تیایدا رایگەیاندووە کە عێراق لە رێگای پەیڕەوکردنی پلانێکی ستراتیجیی نیشتمانیی گشتگیر ھەوڵەکانی پتەوترکردووە لەشەڕی دژبە تیرۆر بەتایبەتیش دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش و گوتی: "بوونی متمانە و ھاریکاریی لە نێوان وڵاتانی جیھان و زاڵبوون بەسەر زمانی گفتوگۆ، زۆر گرنگە لە پێناو خوڵقاندنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیری، ھەروەھا دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر بۆ گەڵان".
بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ھەر لە میانی گوتارەکەیدا ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە بە پاڵپشتیی وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامن لە ھەوڵەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گوتی: "وێرای ئەو ھەوڵانەی کە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خراوەنەتەگەڕ، بەڵام حکوومەتی عێراق گرنگی بە بەردەوامبوونی ھاریکارییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی جیھان لە بوارەکانی ھەوڵگریی و ئەمنی دەدات".
فوئاد حوسێن ھەروەھا ئاماژەی بەوەیشداوە، ئەو سەرکەوتنانەی کە بەسەر تیرۆریستاندا بەدیھاتوون، وای لە حکوومەتی عێراق کردووە بە ئاراستەی دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان، ھەنگاو بنێت و گوتی: "لە میانی ئەنجامدانی چەند کۆنگرە و چالاکییەک، جەختکراوەتە لەسەر ھاریکاریکردن لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان و وەبەرھێنان لە عێراق".