Alaattin Doğru
03 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2020
پاریس - AA
قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە تەواوی رۆژدا کە لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی دژبە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە فەڕەنسا راگەیەندرا لە پاریس و دەورووبەری هەڵدەگیرێت.
گوتەبێژی حکوومەت، جبرائیل ئاتال لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی BFM، ئاماژەی بەوە کرد لە پاریس و دەورووبەریدا کاتی دەستپێکردنی قەدەغەکردنی تەواوی رۆژ دەکرێتە ٢١:٠٠.
جبرائیل ئاتال باسی لەوە کرد کە لەمڕۆدا وردەکارییەکان لەلایەن وەزیری ناوخۆ، جیراڵد دارمانین-ەوە رادەگەیەندرێت، ئەوەشی خستەڕوو کە رێوشوێنی توند گیراوەتەبەر، بەڵام لە هەندێک شوێندا ئەوە نەگونجاوە و مایەی قبوڵکردن نییە.
گوتەبێژی حکوومەت، جبرائیل ئاتال داوای لە خەڵک کرد رێکارەکان بە جددی وەربگرن و پابەندی رێنماییەکان بن، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ناوچەکانی دیکەی فەڕەنسادا ئەگەر پارێزگارەکان بە پێویستیان زانی ئەوا دەتوانن ماوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ رێکبخەنەوە.
جبرائیل ئاتال هەروەها باسی لەوە کرد کە لە چوارچێوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆدا، هێزە ئەمنییەکان لە کۆتایی هەفتەدا، ١٠٠ هەزار کۆنترۆڵیان کردووە و سزای ماددی ١٤ هەزار کەسیان داوە.
دوێنێ ٥٢ هەزار و ٥١٨ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە فەڕەنسا تۆمارکرا کە ئەوەیش لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکە لەو وڵاتە تا ئێستا بەرزترین ژمارەی تووشبوونە لە یەک رۆژدا.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای تەندروستیی گەل، دوێنێ ٤١٨ کەس لە فەڕەنسا بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و بەوەیش کۆی گشتی گیانلەدەستدان بەو پەتایە لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە بۆ ٣٧ هەزار و ٤٣٥ کەس.