دهۆک - AA
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ رایگەیاند "ئێستا پەکەکە دەرگای بۆ چەندین گرووپى تیرۆریستى وەک داعش و حەشدى شەعبى کردووەتەوە تاوەکو دەست لە کاروبارى شنگال وەربدەن و، کردەوەى تیرۆریستى دژى هێزى پێشمەرگە و هاووڵاتییانى سڤیلى ناوچەکە ئەنجام بدەن".
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو لە مەزارگەى شەرفەدین لە شارۆچکەى شنگال گوتى: "چەکدارانى پەکەکە بە درۆ و راگەیاندنە درۆینەکانى دەیەوێت رۆڵ و خەباتى پێشمەرگە بێ ئەرزش بکات، ئەو کاتانەى پێشمەرگە بەخوێنى خۆى دەیان ناوچەى لە دەست داعش رزگار دەکرد، پەکەکە و سەرکردایەتى پەکەکە لە کوێ بوون، لە ١٨ى کانونى یەکەم ساڵى ٢٠١٥ دواى فەرمانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەرچەى دەستپێکى ئۆپەراسیۆنەکەمان لە ناوچەى حەردان کردەوە تا سەرکەوتنى ئۆپەراسیۆنەکەش یەک چەکدارى پەکەکە لە شەڕەکەدا بەشدار نەبوون، دەبێت خەڵکى ئێمە ئەوە باش بزانێت پەکەکە شنگالى رزگار نەکرد، بەڵکو شنگالى وێران کرد".
شەشۆ چۆنیەتى داگیر کردنى کۆمەڵگەى خانەسۆر لەلایەن پەکەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "لە کاتى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى شنگال بە چەک و تەقەمەنییەکانى هێزى پێشمەرگە و بە دەیان هەمەرى سەربازى و چەکى قورسەوە تیرۆریستانى داعشمان لە بست بە بستى سنوورى کۆمەڵگەى خانەسۆر و بارە تا نزیک سنوورى سووریا وەدەرنا، بەڵام بەهۆى تاکتیکێکى سەربازى پێشمەرگە تەواوى هێزەکەى بۆ چەند ناوچەیەکى دیکە پێشەوە گواستەوە، دواتر چەکدارانى پەکەکە هەڵستان بە جێگیر کردنى بنکە و بارەگانیان لەو ناوچانەى پێشمەرگە کۆنتڕۆڵکردنەوە و ئاڵاکانیان تێدا هەڵدا و بانگەشەى ئەوەیان کرد پەکەکە ئەو ناوچەیەیان رزگار کردووە، کە ئەمەیش نە ئەو کات نە ئێستا هیچ راستییەکى بۆ نەبووە و نییە".
قاسم شەشۆ دەشڵێت "ئێمە وەک فەرماندەیی شنگال بە سەرکردایەتى پەکەکە لە شنگالمان راگەیاندووە دواى ٧٤ فەرمان بەسەر کوردانى ئێزدى، جارێکى دیکە رێگە نادەین فەرمانێکى دیکە بەسەر کوردانى ئێزدى بێتەوە، هەروەها ئایندەى کوردانى ئێزدى رادەستى گرووپێکى چەکدارى نادەستوورى بێ مۆڵەتى وەک پەکەکە ناکەین، بەداخەوە ئەوانیش لە ژێر پاراستنى شنگال هاوشێوەى داعش زیانى زۆریان بە ژێرخانى شنگال گەیاند، هەروەها لەژێر دروشمى شەهید نامرن، هاووڵاتیانمان لە خشتە دەبەن و بە کوشتنیان دەدەن".
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال ئاشکراى دەکات کە "پەکەکە لە شنگال نزیکەى ٢٠ گرووپى لەژێر ناو و ئاڵاى جیا جیا دامەزراندووە، مەبەستیان ئەوەیە بەوجۆرە خۆیان لە لیستى تیرۆر دەربهێنن، بەڵام ئاشکرایە کە هەموویان سەربە پەکەکەن و، هەمان ئامانج و سیاسەت پەیڕەو دەکەن، هەروەها مەبەستیشیان لەم گرووپانە هەڵخەڵەتاندنى خەڵکى ناوچەکە و کوردانى ئێزدییە، بەشێک لە گرووپەکان لەژێر ناوى یەپەشە(یەکینەکانى پاراستنى شنگال) یەپەگە(یەکینەکانى پاراستنى گەل)".
شەشۆ گوتیشی: "جا زۆرى ناوى دیکە هەن مەگەر پەکەکە خۆى سەرى لێ دەربچێت، پێش چەند رۆژێکە پارتێکى دیکەیان دامەزراندووە بەناوى پارتى ئازادى و دیموکراتى ئێزیدخان کە ئەمەیش بۆ دژایەتى کردنى ئێزیدخانە و لەلایەن حکومەتى عێراقەوە مۆڵەتى پێدراوە، ئامانجى ئەو پارتە دژایەتیکردنى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلى کورد و کوردانى ئێزدیە".
شەشۆ دوایین تاکتیکەکانى پەکەکە لە شنگال ئاشکرا دەکات و دەڵێت "دواى بۆردومانەکانى تورکیا بۆ سەر پەکەکە لەسەر چیاى شنگال، پەکەکە بە مەبەستى خۆ پاراستنیان لە بۆردومانى فڕۆکەکانى تورکیا، بنکە و بارەگاکانیان لە بارەگاکانى هێزى پێشمەرگە و کەمپى ئاوارەکان نزیک دەکەنەوە، جگە لەوەى مەبەستیان خۆپاراستن بێت لە هەمان کاتیشدا دەیانەوێت زیان بە هاووڵاتییان و هێزەکانى پێشمەرگەیش بکەویت، داڕێژەرى سەرەکى پلانەکانى پەکەکەیش ئێرانە، چونکە ئێران دەیەوێت لە رێگەى شنگالەوە هیلالێکى شیعى دروست بکات لە وڵاتانى ناوچەکە، بۆیە لە رێگەى نورى مالکییەوە هاوکارى سەربازى و پاڵپشتى دارایی بۆ چەکدارانى پەکەکە لە شنگال رەوانە دەکات".
- "پەکەکە بازرگانى کوردانى ئێزیدى ژێر دەستى داعش دەکات"
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ گوتى: "لە سەرتاسەرى جیهان کوردانى ئێزدى دوو شاریان هەیە، ئەوانیش شنگال و شێخانە، بەداخەوە پەکەکە بۆ لەناوبردنى کوردانى ئێزدى هەڵستاوە بە گۆڕێنى دیمۆگرافیاى شارۆچکەى شنگال و لە ناوچەیەکى شارستانى گۆڕیوە بۆ ناوچەیەکى تەواو سەربازى، ئەمەیش بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندى شنگال و شنگالییەکان نییە".
گوتیشى: "یەکێک لەو کردەوە چەوتانەى پەکەکە دژى کوردانى ئێزدى پەیڕەوى دەکات بۆ دژایەتیکردنى کردنى کوردانى ئێزدى و وێرانکردنى شنگال، بازرگانیکردنە بە کەیسى جینۆسایدى کوردانى ئێزدى، بازرگانى دەکەن بەو کچ و ژنانەى لە دەست داعشدان، بازرگانى بە دار و بەردى شارۆچکەى شنگال دەکەن لە پێناو بەرژەوەندى خۆیان، نەک بەرژەوەندى گەلى کورد و کوردانى ئیزدى".
شەشۆ ئەوەیشى گوت: "یەکێکى دیکە بەڵگەکانى دژایەتیکردنى پەکەکە لە بەرامبەر کوردانى ئیزدى، دەرنەچوونیانە لە شارۆچکەى شنگال، چونکە بەهۆى مانەوەى ئەوان تا ئێستا شارەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە و هەر بەهۆى بوونى ئەوانیشەوە تا ئێستا هەزاران ئاوارە لە کەمپەکاندا دەژین و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵى خۆیان لەبەر ئەوەى ترسێکى زۆریان لە چەکدارانى پەکەکە هەیە بەوەى جارێکى دیکە ببنە هۆى ئاوارەبوونیانەوە".
- "ئەمریکا جیاوازى لە نێوان پەکەکەى سووریا و عێراق دەکات"
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال دەڵێت " ئەگەر ئەمریکا لە سووریا هاوکارى پەکەکە بکات، یان خۆى وەک ناوبژیوان لە نێوان تورکیا و پەیەدە/پەکەکە نیشان بدات، ئەوە لە شنگال بابەتەکە زۆر جیاوازە، چونکە ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک دژى بوونى پەکەکەیە لە شنگال، ئێمە ئێستاش تکامان لە ئەمریکا و هاوپەیمانان هەیە فشارى زیاتر بخەنە سەر پەکەکە تاوەکو بە ئاشتیانە لە شنگال دەربکەون".
- "پێشمەرگە شەڕخواز نییە"
لەبارەى ئەوەى لە زۆرینەى ناوچەکان پەکەکە بارەگاکانى خۆى نزیک کردووەتەوە لە بارەگاکانى پێشمەرگە، ئایا مەترسى روودانى شەڕ نییە لە نێوانیاندا؟ لە وەڵامدا فەرماندە قاسم شەشۆ گوتى: "هیوادارم شەڕ دروست نەبێت، بەڵام ئەگەر بە دەستى پەکەکە بێت، ئەو شەڕ دژى پێشمەرگە دەکەن، هەموو ئامانجیان ئەوەیە شەڕ دروست بێت و دواتر بیکەنە هەڵڵا و بڵێن پێشمەرگە شەڕى براکوژى دەستپێکرد، لە راستیدا پەکەکە ماوەى دوو ساڵە بەدواى شەڕدا دەگەڕێت، بەڵام پێشمەرگە شەڕخواز نەبووە".
شەشۆ دەڵێت "بۆ دەرکردنى پەکەکە لە شنگال تەنها دوو رێگە هەیە، یان ئەوەتە لەژێر چاودێرى ئەمریکا بە رێککەوتن دەربچن، یان دەبێت هێز بەکاربهێنین، هەرچەند ئەگەر هێز بەکار بهێنین بە نیوەى پێشمەرگەکانى فەرماندەیی شنگال دەتوانین پەکەکە لە شنگال وەدەرنێین، بەڵام پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەک بیرى لەوە نەکردووەتەوە شەڕ بکات".
- "جێهێشتنى ریزەکانى پەکەکە بەردەوامە"
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکە باس لە جێهێشتنى ریزەکانى چەکدارانى پەکەکە دەکات و دەڵێت " تا ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ چەکدارى کوردى ئێزدى ریزەکانى چەکدارانى پەکەکەیان جێهێشتووە، زیاتر لە ٤٠٠ چەکدار لە مەشق و راهێنانى سەربازیدان، بەشەکەى دیکەش لە ئایندەیەکى نزیکدا خولى مەشق و راهێنانى سەربازییان بۆ دەکرێتەوە، ئەوەى گرنگ بێت ئەوەیە جێهێشتنى ریزەکانى پەکەکە بەردەوامە، وا چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکى نزیکدا هەموو ئەو کوردە ئێزدیانە ریزەکانى پەکەکە خۆیان رادەستى هێزەکانى پێشمەرگە بکەن".
فەرماندەی فەرماندەیی شنگال ژمارەى پێشمەرگە ئێزدییەکانى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "فەرماندەی فەرماندەیی شنگال ٨ هەزار پێشمەرگە، هێزى پاراستنى ئێزیدخانى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە هەزار پێشمەرگە، نزیکەى هەزار پێشمەرگەى دیکەش ناونووس دەکرێت کە ریزەکانى پەکەکەیان جێهیشتووە، کۆى گشتى پێشمەرگە ئێزیدییەکان زیاتر لە دە هەزار پێشمەرگە دەبێت".
- "پەکەکە سنوورى کردووەتەوە لانەى فیتنەگێڕان"
قاسم شەشۆ ئاماژە بەوە دەکات چەکدارانى پەکەکە سنوورى نێوان عێراق و سووریایان کردووەتەوە لانەى فیتنەگێڕان، هەرچى چەکدارى داعش و کەسانى نەناسراون لە بازگەکانى پەکەکەوە بۆ فیتنە و ئاژاوەگێڕى دێنە نێو شنگال، بۆیە چەندین حاڵەتى تەقە کردن هەبووە لە هاووڵاتییانى سڤیل و تەنانەت هێزەکانى پێشمەرگەیش، پەکەکە تەواوى ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەى دەستیان لە کۆمەڵکوژى کوردانى ئێزدى هەبووە پەیوەندى لەگەڵ بەستوون لە ئێستادا هاوسۆزى یەکترن و لەژێر سیبەرى پەکەکە دژایەتى کورد دەکەن".
گوتیشى: "پەکەکە لە رێگەى ئۆتۆمبێلى جامڕەشى بێ ژمارەوە چەکدارانى نەناسراوە دەگوازێتەوە بۆ نێو شنگال، زۆر جار چەکدار لە ئێران، تورکیا، سووریا، جۆرجیا و ئەفغانستان دەهێنێتە ناوچەکە ناسناوى ئێزدیان بۆ دابین دەکەن".
شەشۆ دەڵێت "بۆ دەرکردنى پەکەکە لە شنگال تەنها دوو رێگە هەیە، یان ئەوەتە لەژێر چاودێرى ئەمریکا بە رێککەوتن دەربچن، یان دەبێت هێز بەکاربهێنین، هەرچەند ئەگەر هێز بەکار بهێنین بە نیوەى پێشمەرگەکانى فەرماندەیی شنگال دەتوانین پەکەکە لە شنگال وەدەرنێین، بەڵام پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەک بیرى لەوە نەکردووەتەوە شەڕ دژى پەکەکە بکات".
- "ناوچەکانى ژێر دەستى داعش لە شنگال"
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ لە کۆتاییدا ئاشکراى دەکات کە هێزەکانى پێشمەرگە لەو پەڕى ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەو پێنج کۆمەڵگەیەى شنگال کە تا ئێستا لە دەست داعشدا ماون، دەشڵێت "ئەوەى ماوە فەرمانى فەرماندەیی گشتى هێزە چەکدارەکانى هەرێمى کوردستان و هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژى داعشە، هەر کات فەرمانمان پێکرا تەواوى ئەو ناوچانە لە داعش پاکدەکەینەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact

