Esat Fırat
26 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2023
جەزائیر - AA
فەڕەنسا بەڵێنی خێراکردنی قۆناغی رادەستکردنی ئەرشیفی قۆناغی داگیرکاریی و پاککردنەوەی پاشماوە ئەتۆمییەکانی بەشی جەزائیری بیابانی گەورەی ئەفریقای بە جەزائیر دا.
وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر لەوبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە نۆیەمین کۆبوونەوەی دیالۆگی سیاسیی نێوان هەردوو وڵات بە سەرۆکایەتی سکرتێری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر، عەممار بیلانی و سکرتێری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، ئان ماری دێسکۆت بەڕێوەچووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "فەڕەنسا، بەڵێنی ئەوەی دا کە قۆناغی رادەستکردنی ئەرشیفی قۆناغی داگیرکاریی و پاککردنەوەی پاشماوەی ئەتۆمی لەو شوێنانەی کە تاقیکردنەوەی ئەتۆمیان تیادا ئەنجامداون، خێرا بکات".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کراوە لەبارەی ئامادەکارییەکانی تایبەت بە سەردانەکەی سەرکۆماری جەزائیر، عەبدولمەجید تەبوون بۆ پاریس کە بڕیارە لە مانگی ئایاردا ئەنجامی بدات، روونکردنەوەی زیاتریش لە راگەیەندراوەکەدا نەخراوەتەڕوو.
بەرپرسانی جەزائیر باس لەوە دەکەن کە سەدا ٩٨ی ئەرشیفی تایبەت بە قۆناغی داگیرکاریی جەزائیر (١٨٣٠-١٩٦٢) لە فەڕەنسایە.
هەروەها بەگوتەی بەرپرسانی فەڕەنسا لە ساڵانی ١٩٦٠-١٩٦٦، فەڕەنسا لە بەشی جەزائیری بیابانی گەورەی ئەفریقادا، چوار تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی لەسەر زەوی و ١٣ تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی لەژێر زەوی ئەنجامداوە و پاشماوەی ئەتۆمی ئەم تاقیکردنەوانەش تا ئێستا مەترسین بۆسەر ژینگە و ژیانی خەڵکی ناوچەکە.
سەرکۆماری جەزائیر، عەبدولمەجید تەبوون لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی لۆ فیگارۆی فەڕەنسی، بانگەوازێکی ئاراستەی فەڕەنسا کرد بۆ پاککردنەوەی بیابانی گەورەی ئەفریقا لەپاشماوە ئەتۆمییەکان و ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە حکوومەتی پاریس، گرنگی بەو هاووڵاتییە جەزائیرییانە بدات کە لە ناوچەکەدا بەهۆی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.