İdiris Okuduci
26 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2023
بەیروت - AA
ئەمریکا بڕی ٧٢ ملیۆن دۆلاری کاش بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکانی لوبنان دابین دەکات.
لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەیروت، دۆرۆتی شیا لە بەیروت پایتەختی لوبنان بەڕێوەچوو، پشتیوانیکردنی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی لوبنان تاوتوێ کرا.
دوای کۆبوونەوەکە، سەبارەت بەو پشتیوانییەی کە ئەمریکا پێشکەشی هێزە ئەمنییەکان دەکات کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش بۆ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەیروت، دۆرۆتی شیا و سەرۆکی ئەرکانی سوپای لوبنان، جۆزێف عەون، هەروەها فەرماندەی بەشی ئاسایشی ناوخۆی لوبنان، جەنەراڵ عیماد عوسمان ساز کرا.
دۆرۆتی شیا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "کۆنگرێسی ئەمریکا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دابینکردنی بەشێکی زۆر لە هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای لوبنان".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە مانگانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکاندا، پارەی کاش دەدرێتە کارمەندانی ئەمنی و گوتی: "بە گشتی بڕی ٧٢ ملیۆن دۆلار دەدرێتە کارمەندانی ئەمنی، بۆ ماوەی شەش مانگ و هەر کارمەندێک مانگانە ١٠٠ دۆلاری پێ دەدرێت".
هەروەها سەرۆکی ئەرکانی سوپای لوبنان، جۆزێف عەون باسی لەو هاوکارییە کرد کە ئەمریکا پێشکەشی سوپای وڵاتەکەی دەکات و گوتی: "ئامادەیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی دامەزراوە سەربازییەکان ئەوە نیشان دەدات کە رێگە نادات لوبنان لە بەرەی ئەمنیدا بڕووخێت".
- قەیرانی ئابووریی لوبنان
لوبنان بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٩وە تا ئێستا رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی جیددی بووەتەوە.
کێشەی نەمانی دۆلار لە بانکی ناوەندیی لوبنان و تەواوبوونی دراوی بیانی قەیرانی جیددیی دیکەی ھێنایە سەر وڵاتەکە.