Gülşen Topçu
09 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2018
رامەڵڵا - AA
راوێژکاری سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستین بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، نەبیل شەعس ئاشکرایکرد سەرکۆماری تونس، باجی قاید سیبسی جەختی لەوەکردووەتەوە کە فەڕەنسا لە داهاتوویەکی نزیکدا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت.
نەبیل شەعس لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی فەڵەستین، ئاشکرایکرد بەر لە چەند رۆژێک سەرکۆماری تونس، باجی قاید سیبسی بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوە کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە فەڕەنسا بڕیاری خۆی لەبارەی فەڵەستینەوە نەگۆڕیوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت و بابەتەکەش تەنها پەیوەندیی بە کاتەوە هەیە.
شەعس تیشکی خستووەتە سەر ئەوەش کە لەسەر داوای فەڵەستین و بەمەبەستی قایلکردنی حکوومەتی فەڕەنسا سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە و جەختی لەوەکردووەتەوە دان پێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن فەرەنساوە لە چەند هەفتە یان چەند مانگی داهاتوودا روودەدات.
راوێژکارەکەی سەرۆکی فەڵەستین، باسی لەوەشکردووە کاربەدەستانی لۆکسەمبۆرگ رایانگەیاندووە دوای هەریەک لە وڵاتە گەورەکانی فەرەنسا و بەریتانیا، یەکەم وڵات کە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت، ئەوان دەبن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ١٣٥ وڵات بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن.