Zana Natık Kerem
16 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی، عەممار حەکیم لە ریاز لەگەڵ جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان کۆبوویەوە و لە میانیدا پێشھاتەکانی رەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا پەیوەندیییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حیکمەی نیشتمانیی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەممار حەکیم لە ریاز لەگەڵ سەرۆکوەزیران و جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی رەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کراوە، ھەروەھا پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ریاز تاوتوێ کراوە.
باسی لەوەیش کردووە، عەممار حەکیم لە میانی کۆبوونەوەکەدا روونی کردووەتەوە کە عێراق لەسەر ئاستی سیاسیی، کۆمەڵایەتی، ئەمنی و خزمەتگوزارییدا دەستکەوتی باشی بەدەستھێناوە کە ھۆکارەکانی ئەو دەستکەوتانەیش، بۆ پاڵپشتی ھاوپەیمانی "ئیدارەدانی دەوڵەت" لە حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی، ھەروەھا بۆ ھەوڵەکانی لەناوبردنی تیرۆر و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا دەگەڕیتەوە و راشیگەیاندووە کە هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی ھاریکاریی ھاوبەش بە تایبەتی لە پرسی رووڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوادا.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی، پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو ھەنگاوانەی کە بە ئامانجی راگەیاندنی ئاگربەست لە یەمەن نراون راگەیاندووە، ھەروەھا جەختی کردووەتەوە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ریاز و تاران، رەنگدانەوەی ئەرێنی بۆسەر ناوچەکە دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێشھاتەکانی رەوشی ئێستای سوودان کراوە و لەبارەیەوە ھەردوولا ئومێدیان کردووە کە قەیرانەکانی ئەو وڵاتە لەڕێگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان چارەسەر بکرێت.