Sarmand Hameed
01 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2021
هەولێر - AA
شاندی حکوومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سعوودیە، ژمارەیەک رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ شاندی سعوودیە بە سەرۆکایەتی شازادەی جێنشین، محەمەد بن سەلمان، واژووکرد.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، رێککەوتنی رێگەگرتن لە دووباجی لەنێوان ھەردوو حکوومەتی عێراق و سعوودیە لەلایەن وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەللاوی و وەزیری دارایی سعوودیە واژووکرا.
هەروەها رێککەوتنی تەمویلی ھەناردەی سعوودیە لەلایەن وەزیری دارایی عێراق و سەرۆکی جێبەجێکاری سندووقی گەشەپێدانی سعوودیە واژووکرا.
ھاوکات رێککەوتنی ھاوبەش بۆ ھەماھەنگیی لەبواری پلاندانانی گەشەپێدان بۆ فرەجۆری ئابووری و پەرەپیدانی کەرتی تایبەت لەلایەنی عێراق، وەزیری پلاندانان، خالید نەجم بەتال واژووی لەسەر کرد.
ھەروەھا یاداشتی ھەماھەنگی ھاوبەش لەنێوان خانەی کتێب و بەڵگەنامە نیشتمانییەکان لە عێراق و خانەی شا عەبدولعەزیز لە سعوودیە لەلایەن وەزیری ئاوەدانکرانەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، نازەنین محەمەد وسو و ئەمینداری گشتیی خانەی شا عەبدلعەزیز واژوو کرا.
ھاوکات یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان تۆڕی راگەیاندنی عێراق و دەستەی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی سعوودیە لەلایەن ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، حەمید عزی و وەزیری راگەیاندنی سعوودیە و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستەی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی سعوودیەوە واژوو کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای عێراق گەیشتە سعوودیە و لەلایەن شازادەی جێنشین، محەمەد بن سەلمان پێشوازیی لێکرا.