Hamdi Yıldız
15 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2021
بەغدا - AA
حکوومەتی عێراق رایگەیاند کە لە هەشت کەمپدا لە سنووری بێلارووس و پۆڵەندا، ٥٧١ هاووڵاتی عێراق تۆمار کراون و لەگەڵ هەندێک دەوڵەتدا هەماهەنگیی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەیان لە رێگەی ئەو وڵاتانەوە نەچنە وڵاتێکی دیکەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوو ناوچەی سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا، ٥٧١ هاووڵاتی عێراقی لەنێو هەشت کەمپدان.
ئەحمەد سەحاف باسی لەوە کرد کە بەهۆی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە، ٦٨٠ کیلۆمەتر سنووریان هەیە بەتەواوی ژمارەی عێراقییەکان نازاندرێت کە لەسەر ئەو سنوورەن، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ١٨ی تشرینی دووەمدا، گەشتێک رێکدەخەن بۆ ئەو کەسانەی خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها باسی لەوە کرد کە حکوومەت توانای ئەوەی نییە لە دەرەوەی وڵاتەوە رێگری بکات لە چوون بۆ وڵاتێکی دیکە، بەڵام دوای ئەوەی هەماهەنگیی کرا لەگەڵ تورکیا رێگری کرا لە چوونی عێراقییەکان بۆ بێلاڕووس، لەبەرئەوە دەستیان بە هەماهەنگیی کردووە لەگەڵ هەندێک وڵاتی دیکەشدا.
حکوومەتی عێراق لە مانگی ئابی رابردوودا، رایگەیاند کە ٦٩٠ هاووڵاتی وڵاتەکەی کە لە ناوچەی سنووری نێوان بێلاڕووس و لیتوانیا گیریان خواردبوو گێڕاوەتەوە بۆ وڵات.