جيهان

شیكردنه‌وه‌- ئایا چاره‌سه‌ری سیاسیی له‌ دەیە‌مین ساڵی جه‌نگی سووریادا رێگه‌ی تێده‌چێت؟

- تورکیا ئارەزووی کۆتاییھاتنی رژێمی ئەسەد (و خێزانەکەی) و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان دەکات و لەو ھەڵبژاردنە ئازادەی کە دەکرێت کێ دەیباتەوە، ئەوە دەسەڵات بگرێتە دەست و سووریایەکی یەکگرتووی دەوێت.

Muhammed Karim Saedgul, Muhammed Ali Kamal  | 31.03.2021 - نوێکردنەوە : 01.04.2021
شیكردنه‌وه‌- ئایا چاره‌سه‌ری سیاسیی له‌ دەیە‌مین ساڵی جه‌نگی سووریادا رێگه‌ی تێده‌چێت؟

Istanbul

ئیستانبوڵ- AA

ئه‌و جه‌نگه‌ی کە ماوه‌ی ١٠ ساڵ زیاتره‌ له‌ سووریا به‌رده‌وامه‌، له‌ئێستادا خاوبوونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و ئاستی توندیی پێكدادانه‌كان نزمبووه‌ته‌وه‌. كاتێك كه‌ ته‌ماشای ئاماره‌كان ده‌كه‌ین، ژماره‌گه‌لێكی ئازاربه‌خش له‌ چه‌شنی ئه‌وه‌ی كه‌ لانیكه‌م ٥٠٠ هه‌زار كه‌س کوژراوە‌، ده‌یان هه‌زار کەس كه‌مئه‌ندام بوون، و نزیكه‌ی نیوه‌ی ٢٢ ملیۆن دانیشتووی سووریا له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ربه‌ده‌ر بوون و بوونه‌ته‌ كۆچبه‌ر. ئه‌وه‌ش ده‌زانرێت كه‌ له‌سه‌دا ٢٥ی دانیشتوانی سووریا وڵاته‌كه‌یان جێهێشتووه‌ و له‌سه‌دا ٢٥ه‌كه‌ی دیكه‌یشی له‌ناو وڵاته‌كه‌دا ده‌ربه‌ده‌ربوون. هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كه‌ زۆرینه‌یان له‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان، توركمانه‌كان، به‌شێك له‌ كورد و كه‌مایه‌تییه‌ ئایینیی و مه‌زهه‌بییه‌ جۆراوجۆره‌كان پێكهاتوون، وڵاته‌كه‌یان جێهێشتووه‌. واته‌ به‌ گشتیی رژێم له‌و چینانه‌ی كه‌ نه‌یارین رزگاریبووه‌ و پاكتاوێكی دیمۆگرافیی ئه‌نجامداوه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زیانێك به‌ قه‌باره‌ی لانیكه‌م ١٠٠ ملیار دۆلار كه‌ به‌ وڵاته‌كه‌ گه‌یشتووه‌ جێگه‌ی باسه‌ و گرنگترین شاره‌ بازرگانیی و پیشه‌سازییه‌كان له‌گه‌ڵ خاك یه‌كسان بوون.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، شاده‌ماری به‌ستنه‌وه‌ی شاره‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك حه‌له‌ب، حه‌ما، حومس، دیمه‌شق و ده‌رعا كه‌ بریتییه‌ له‌ رێگای سه‌ره‌كی M4 و رێگای سه‌ره‌كی M5 كه‌ له‌ حه‌له‌به‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ریه‌ك له‌ لازقییه‌ و ته‌رتوس و بانیاس ده‌چێت، له‌ژێر ركێفی رژێمی ئه‌سه‌ددایه‌ كه‌‌ ئه‌ویش له‌ژێر فه‌رمانی رووسیا و ئێراندایه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ خۆرهه‌ڵاتی فورات، باڵاده‌ستی په‌یه‌ده/یه‌په‌گه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پشتوانی ده‌كرێت، بوونی هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌ باكووری سووریا گرووپه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كه‌ توركیا پشتیوانییان ده‌كات، ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. ‌

له ‌پێناو چاره‌سه‌ری سیاسییدا هیوا و ئومێد به‌ هه‌ریه‌ك له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی جنێڤ، ئاستانا و دیداره‌كانی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی لێره‌دا دێته‌ ئاراوه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا له‌ تابلۆیه‌كی له‌وشێوه‌یه‌وەدا‌ چاره‌سه‌ری سیاسیی دێته‌ كایه‌وه‌؟ ئاسانترین رێگای ده‌ستنیشانكردنی ئه‌مه‌، به‌ شیكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و پێگه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ت و گرووپانه‌دا تێپه‌ڕده‌بێت كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كردن و له‌ پرسی سووریادا كاریگه‌رییان هه‌یه‌.

رووسیا كه‌ له‌ کێشەی سووریا خاوه‌نی كاریگه‌رترین و به‌هێزترین پێگه‌یه‌، ئه‌م هێزه‌ی پشت به‌ به‌رده‌وامبوونی رژێمی ئه‌سه‌د كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر ركێفی و پشكی شێر له كۆنترۆڵكردنی‌ خاكی سووریا، ده‌به‌ستێت. جگه‌ له‌وه‌ رووسیا، هیچ نیگه‌رانییه‌كی ئه‌وتۆی له‌وه‌ی كه‌ گه‌ل و ئابووریی سووریا چی به‌سه‌ردێت، نییه‌. هه‌ڵوێستی ئێرانیش له‌وه‌ی رووسیا نزیكه‌. تاران خوازیاره‌ رژێمی ئه‌سه‌د به‌رده‌وام بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتداریی، و كاریگه‌ریی خۆی كه‌ له‌ عێراق و سووریاوه‌ بۆ لوبنان درێژ ده‌بێته‌وه‌، به‌رده‌وامیی هه‌بێت. كتومت هاوشێوه‌ی رووسیا، ئه‌وانیش هیچ نیگه‌رانییه‌كیان له‌باره‌ی دۆخی گه‌لی سووریا نییه‌.

رژێمی ئەسەد، کە کەوتووەتە ژێر ھەژموونی ئیدارەی ئێران و رووسیا بە تایبەتی، نیوەی ژمارەی دانیشتوان و خاکی لەدەستداوە، ئەگەر ھەرچەندە لە رۆژئاوای فورات دۆخی زۆر خراپە، بەڵام سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە دەسەڵاتەکەی. ئەگەر بۆشی بکرێت ئەوا بە پاڵپشتی ئێران و رووسیای پارێزەرانی، نیازی دەستبەسەرداگرتنی خاکی زیاترە لە باکوور و رۆژھەڵاتی وڵاتەکە. ئەو بە ھیچ شێوەیەک نایەوێت لایەنەکانی ئۆپۆزیسۆن بگەڕێنەوە بۆ سووریا، ھاوکات ھیچ بایەخ بە دۆخی ناھەمواری خەڵکی سووریای ژێر دەسەڵاتی نادات.

ئەمریکا بە بیانووی شەڕی داعش لە ھەوڵی درووستکردنی دەوڵەتۆچکەیەکی پەکەکەدایە لە رۆژھەڵاتی فورات. بەمشێوەیە، ئەو دەیەوێت دەوڵەتێکی عیلمانی پەکەکە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە ناوەندی دەریای نەژادیی تورک، عەرەب و فارسدا درووست بکات و ئەم دەوڵەتە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم لە عێراق ببەستێتەوە. لە پلانەکەدا، ئەوەش ھەبوو کە لە رێگەی بەناو ئەو کانتۆنانەی کە دروستکراون بگەنە دەریای ناوەڕاست، بەڵام کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیو سنووری تورکیا رێگری لەمە کرد، ناچاربوون پەکەکە/پەیەدە کە پاڵپشتییان دەکردن، بەرەو باشوور و ئەو شوێنانەی کە عەرەبە سوننەکان لێی دەژیان لە رەقە و دێرازۆر بکشێننەوە. لە کاتێدا لە پێش شەڕی ناوخۆیی سوریادا کورد سەدا ١٠ی ژمارەی دانیشتوانی سووریای پێکدەھێنا، لەئێستادا پەکەکەی پاڵپشتکراو لەلایەن ئەمریکاوە، دەستی بەسەر سەدا ٣٠ی خاکی سووریادا گرتووە. بەمشێوەیە ئەمریکا، پلان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی علمانی ھاوپەیمان لەگەڵ ئیسرائیل و لەلایەکی دیکەوە لە کاتی پێویستدا ئامانجی سزادانی تورکیا، ئێران و ڵاتانی عەرەبییە. پەکەکە/پەیەدە-ش دەیانەوێت بە پاڵپشتی ئەمریکا دەوڵەتێک درووست بکەن، ئەگەر ھاتوو ئەوەش نەبوو ئەوا لانیکەم بە ناوچەیەکی ئۆتۆمی رازیدەبن.

تورکیا لە قەیرانی سووریادا کە لە دوای رووسیا پێگەی گرنگترین دەوڵەتـی ھەیە، بەڵام لە ھەمان کاتدا، قورسترینە لە ھێنانەدی. تورکیا، ئارەزووی کۆتاییھاتنی رژێمی ئەسەد (و خێزانەکەی) و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان دەکات و لەو ھەڵبژاردنە ئازادەی کە دەکرێت کێ دەیباتەوە ئەوە دەسەڵات بگرێتە دەست و سووریایەکی یەکگرتووی دەوێت. ھەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنیش لە تورکیاوە زۆر نزیکە. ئەوانیش دەیانەوێت رژێمی ئەسەد بڕوات، ھەڵبژاردنێکی ئازادانە ئەنجامبدرێت و سووریایەکی یەکگرتوو دروست بکرێت.

ئیسرائیل لە مانەوەی لاوازی ئەسەد و پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە رۆژھەڵاتی فورات زۆر مەمنوونە. ئەویش ھەروەکو ئەمریکا، لە دژی تورکیا، وڵاتانی عەرەبی و ئێران، پاڵپشتی پێگەیەکی لەو شێوەیە دەکات. جاروباریش، کاتێک کە میلیشیاکانی سەربە ئێران ھەڕەشەی بۆ درووست دەکەن ئەوا لەگەڵ چاوپۆشینی رووسیا پێگەکانی ئێران دەکاتە ئامانج و خاپووریان دەکات.

هەر وەک سووریا کە بە کردەیی دابەشی سەر سێ بەش بووە، ئەو وڵاتانەشی بەشێکن لە چارەسەر و گفتوگۆ سیاسییەکان یان بەرژەوەندیان هەیە لەگەڵیدا دابەشی سەر سێ گرووپ بوون: لە لایەک رژێمی ئەسەد، رووسیا و ئێران و لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا، ئیسرائیل و پەکەکە/پەیەدە. لە لاکەی دیکەشەوە تورکیا و ئۆپۆزسیۆن هەن. باشە چارەسەرێکی ئەسەدی کە گرووپ و دەوڵەتانی دەرەوەی گرووپی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنەکان پەسەندی دەکەن، گونجاوە؟

هەتا ئەسەد هەبێت، ئایا ئەو ١١ ملیۆن کەسەی دانیشتوانی سووریا و ئۆپۆزسیۆن کە لە ناوخۆی وڵات شوێنیان گۆڕیوە یان چوونەتە دەرەوەی وڵات دەتوانن بگەڕێنەوە؟ ئایا رژێمی ئەسەد ئەو کەسانە ناخاتە ژێر چاودێرییەوە؟ ئایا ماڵ و سامانەکەیان ئەگەر مابێت بۆیان دەگەڕێندرێتەوە؟ ئایا ئەو زیانەی بە بەهای ١٠٠ ملیار دۆلار کەوتووەتەوە قەرەبوو دەکرێتەوە و ئابووریی وڵات زیندوو دەکرێتەوە؟ ئایا رووسیا و ئێران زیانە ئابوورییەکان دەژمێرن؟ ئایا ئێران و رووسیا رێگە دەدەن ئەسەد بڕوات؟ ئەگەر وەڵامی ''بەڵێ''ی ئەو پرسیارانە نادەینەوە، ئەوا زۆر سەختە بگوترێت چارەسەری ئەسەدی پەسەند و گونجاوە. لە لایەکی دیکەوە پەکەکە/پەیەدە کە لەژێر پارێزی ئەمریکادا گەیشتووە بە خۆبەڕێوەبەرییەک و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵتە لەگەڵ ئەمریکا رازی دەبن بە یەکگرتووەی ئەگەر بە خۆبەڕێوەبەریش بێت لەژێر دەسەڵاتی ئەسەددا؟

ئەگەر وا دانرێت تورکیا و ئۆپۆزسیۆن تەواو دژی رژێمی ئەسەدن، ئایا لە مێزی گفتوگۆی ئەو سێ گرووپە کە بەرژەوەندیەکانیان بەریەکدەکەون هەتا هەڵوێستیان نەگۆڕێت دەکرێت چارەسەرێکی سیاسیی فەراهەم بێت؟

پێچەوانەی نموونەکانی عێراق و لوبنان، ئایا وەک ئەوەی تورکیا دەیخوازێت سووریایەکی یەکگرتوو و دەستوورێک لەسەر بنەمای هاووڵاتیی سووریا کە پشت بە جیاکانی مەزهەبی و نەژادی نەبەستێت کە تاکە چارەسەر و چارەسەرێکی نموونەییە بۆ سووریا دەگونجێت؟

ئەگەر وەڵامی ''بەڵێ''ی ئەو پرسیارانە بدەینەوە، بەڵام ئەگەر لایەنەکان هەڵوێستیان نەگۆڕن ئەوا باشترین سیناریۆ دەستوورێکی لەو جۆرەی عێراقە و ئیدارەیەکی لێدەکەوێتەوە کە ئەوەتا رەوشی عێراق لەبەرچاوە.

پرۆفیسۆر دکتۆر جەنگیز تۆمار ئەحمەد یەسەڤی، جێگری سەرۆکی زانکۆی تورک-کازاک-ی نێودەوڵەتیی.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın