شه‌قامی ئێرانی خوازیاری دانوستانه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا نه‌ك جه‌نگ
- دانیشتوانی ئێران به‌هۆی گرژییه‌كانی كه‌نداوی به‌سڕه‌وه له چاوه‌ڕوانییه‌كی تاقه‌تپڕوكێندان و خوازیاری دانوستانن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا نه‌ك جه‌نگ.
Tahran
تاران - AA
دانیشتوانی ئێران به‌هۆی گرژییه‌كانی كه‌نداوی به‌سڕه‌وه له چاوه‌ڕوانییه‌كی تاقه‌تپڕوكێندان و خوازیاری دانوستانن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا نه‌ك جه‌نگ.
دوای ئه‌وه‌ی كه ئه‌مریكا له ٢ی ئایاره‌وه كۆتایی به به‌خشینی هه‌شت وڵات كه نه‌وتی ئێرانیان هاورده ده‌كرد، هێنا و حكوومه‌تی تاران به‌شێك له به‌رپرسیارێتییه‌كانی له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه‌دا هه‌ڵپه‌سارد، ئه‌م پێشهاتانه بوونه هۆی درووستبوونی جموجۆڵی سه‌ربازیی له كه‌نداوی به‌سڕه، ئه‌مه پاڵی به شه‌قامی ئێرانییه‌وه بۆ نێو چاوه‌ڕوانییه‌كی سه‌خت ناوه.
گه‌لانی ئێران دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی له ٨ی ئایاری پارساڵدا، به‌ره‌وڕووی رۆژگارێكی ناهه‌مواری ئابووری بوونه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باوه‌ڕیان به‌وه نییه جه‌نگێك له ناوچه‌كه رووبدات به‌ڵام پێیان وایه پێویسته حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی واشنتۆندا له‌سه‌ر مێزی دانوستان دابنیشێت.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆچوونی هاووڵاتییانی ئێرانی‌یان سه‌باره‌ت به گرژییه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌یان و ئه‌مریكا، و رێگا چاره‌سه‌ری كێشه‌كان وه‌رگرتووه.
ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئابوورییناسانی ئێران و ئه‌كادیمیست، ره‌زا عه‌لیزاده ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ رێگه‌ی نه‌دا ئێران سوود له رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی وه‌ربگرێت و رێگریی له وڵاتانی دیكه‌ش كرد له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هاریكاریی بكه‌ن.
ژنی ماڵه‌وه، فاتمه ره‌زایی ئاماژه‌ی به‌وه دا كه پێویسته سه‌ره‌تا تاوتوێی ره‌وشی ژیانی خه‌ڵك بكرێت و پێویست ناكات په‌نا ببرێته به‌ر جه‌نگ و شتگه‌لی هاوشێوه، گوتی: "ئێمه وڵاتێكین پێش خۆمان ده‌بینین. پێموانییه جه‌نگ هه‌ڵبگرسێت. دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئێمه زۆر رووداوی به چاوی خۆی بینی له‌گه‌ڵ زۆر شت راهاتووه. خوا یار بێت جه‌نگ هه‌ڵناگیرسێت. تا پێمان بكرێ ده‌بێ چاره‌سه‌ری گونجاو بدۆزینه‌وه و له‌و شتانه دوور بكه‌وینه‌وه كه جه‌نگی به‌دوادا دێت. هیچ كه‌س له جیهان له‌گه‌ڵ جه‌نگ نییه".
سینه‌ماكار سه‌ید عه‌لی محه‌مه‌دی رایگه‌یاند كه سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف زۆر هه‌وڵیان دا تا ره‌وشه‌كه نه‌گاته ئه‌و خاڵه و گوتی: "ئه‌وان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا، باراك ئۆباما رێككه‌وتننامه‌یان واژوو كرد به‌ڵام تره‌مپ هه‌موو شتێكی تێكدا. ئه‌مریكاش له‌گه‌ڵ جه‌نگێك نییه كه هه‌موو ناوچه‌كه‌ی تێوه ده‌گلێ. كه‌سمان جه‌نگمان ناوێ و خوا یار بێ جه‌نگ هه‌ڵناگیرسێ. ئێمه هه‌شت ساڵ له‌گه‌ڵ عێراق جه‌نگاین و زیانی زۆرمان به‌ركه‌وت. ده‌بێ دانیشین و دیالۆگ بكه‌ین و به‌ر به جه‌نگ بگرین، خه‌ڵكی ئێران له جه‌نگ بێزار بووه".