Adel Abdelrheem
25 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2023
خەرتوم – AA
سەندیکای پزیشکانی سوودان رایگەیاند لە ئاکامی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە لە ١٥ی نیسانەوە لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵداوە تا ئێستا، ٨٦٥ مەدەنی کوژراون.
سەندیکای پزیشکانی سوودان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەھۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێراوە، ژمارەی قوربانییان زیادی کردووە.
راشیگەیاندووە لە میانی رۆژانی ٢١، ٢٢ و ٢٣ی ئەم مانگەدا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتومی پایتەخت روویداوە و لە ئاکامدا، دوو مەدەنی کوژراون و ١٠٣ی دیکەیش برینداربوون، بەوەیش تا ئێستا ٨٦٥ مەدەنی کوژراون و سێ ھەزار و ٦٣٤ی دیکەیش برینداربوون.
باسی لەوەیش کردووە کە ژمارەی قوربانییانی شەڕ و پێکدادانەکان لەوەی کە راگەیەندراوە زیاترە، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر بریندار و کوژراو ھەن کە لە نەخۆشخانەکاندا تۆمار نەکراون.
دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستیی سوودان رایگەیاندبوو کە لە ئاکامی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە لە ١٥ی نیسانەوە لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵداوە تا ئێستا، ٧٠٩ کەس کوژراون و پێنج ھەزار و ٤٢٤ی دیکەیش برینداربوون.
رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە، ئاگربەستی نێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا کە لە سعوودیە واژوو کرا، چووە واری جێبەجێ کردنەوە.