Zana Natık Kerem
13 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2017
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەلیم جبووری جەختی كردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی گیانی كەسایەتییە گرنگەكانی وەك دادوەران کرد و رایگەیاند كە پێویستە چەك لەو كەسانە دابماڵڕێت كە لە دەرەوەی یاسا و دەوڵەت ھەڵیان گرتووە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، سەلیم جبووری گوتی: "بەنیگەرانییەوە دەڕوانییە كردەكانی تیرۆركردن بەتایبەتیش كە لە بەرامبەر ژمارەیەك لە كەسایەتی گرنگ وەك دادوەر ئەنجام دراوە و داوا دەكەین كە دامەزراوەكانی دەوڵەتی و كەسایەتییە گرنگەكان بپارێزرێن".
سەلیم جبووری نیگەرانی خۆشی لەبەرامبەر بەكارهێنانی چەكی قورس نیشاندا و گوتی: "گرنگە ئەوانەی ئەو چەكانە بەكاردەهێنن سزا بدرێن و چەكیش لەو كەسانە دابماڵڕێت كە لە دەرەوەی یاسا و دەوڵەت ھەڵیان گرتووە".
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی كردەوە كە گرنگە گیانی خۆپیشاندەران بپارێزرێت و پێویستە خۆپیشاندانەكانیش بەپێی یاسا و بەشێوەی ئاشتی ئەنجام بدرێن.
سەلیم جبووری دووپاتیشیكردەوە كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا، كۆتایی بەكارەكانی دەهێنێت و هەروەها لیژنەی شارەزایان لە ئەنجوومەنی نوێنەران خەریكن ئەندامانی نوێ بۆ كۆمیسیۆنەكە دیاری دەكەن.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی: "وادەی لێپرسینەوە لەگەڵ ژمارەیەك وەزیر و سەرۆكی دەستەكانی سەربەخۆ دیاریكراوە و تا ئێستاش حەوت داواكاری بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو بەرپرسانە پێشكەشكراون".
لە كۆتایی قسەكانیدا سەلیم جبووری ئاشكرای كرد كە بەپێی ئەو وادەیە كە دانراوە لە ٢٣ی ئەم مانگە تا ٧ی مانگی ئایاری داهاتوو، ئەنجوومەنی نوێنەران لێپرسینەوە دەكات لەگەڵ ژمارەیەك وەزیر و سەرۆكی دەستەكانی سەربەخۆ و لێپرسینەوەكانیش هەموو رۆژانی پێنجشەممە بەڕێوەدەچن.