Muhammet Tarhan,1 23
23 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2022
ئەنقەرە – AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند لە ئەگەری هێرشی چین بۆسەر تایوان بۆ بەرگریکردن لە تایوان لەوانەیە دەستوەردانی سەربازیی ئەنجام بدەن.
جۆ بایدن لە میوانخانەی دەوڵەت لە کۆشکی ئاکاساکا لە تۆکیۆ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، کیشیدا فومیۆ ئەنجام دا.
بایدن ئاماژەی بەوە دا کە هاوپەیمانێتی نێوان وڵاتەکەی و ژاپۆن لەم ساڵانەی دواییدا بەهێزتر بووە و جەختی لەوە کردەوە کە شادومانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ژاپۆن لە بواری بۆشایی ئاسماندا.
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سبەی سەرکردەکان لە میانی لووتکەی دیالۆگی ئەمنی چوارینە "QUAD" بەیەکەوە کۆدەبنەوە، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە "QUAD" لە ئەنجامدانی کاری زۆر گرنگدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.
جۆ بایدن تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ کیشیدا رێگاکانی بەردەوامیدان بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بواری هەماهەنگی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کردووە و گوتی: "لە کەشێکی سەختتری ئەمنیدا، ئەمریکا و ژاپۆن بەیەکەوە زیاتر کار دەکەن".
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەگەر چین تایوانی داگیر کرد یاخود هەوڵی دا دەستی بەسەردا بگرێت، ئەمریکا چۆن بەرپەرچی دەداتەوە، بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر تایوان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و گوتی: "بە رێگەنەدان بە گۆڕانکارییە تاکلایەنەکانی دۆخەکە پێداگیرین لەسەر پشتیوانیکردن لە ئاشتی و سەقامگیری لە گەرووی تایوان. بۆ رێگەنەدان بە داگیرکردنی تایوان لەلایەن چینەوە لەگەڵ ژاپۆن و نەتەوەکانی دیکەداین. ئەوان پێیان وایە شتی لەم جۆرە روونادات یان تاقی ناکرێتەوە".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا کە پرسی: "بەهۆکارە دیارەکان نەتانویست لە رووی سەربازییەوە دەست وەربدەنە پێکدادانەکانی ئۆکراینا، پەیوەندیدار بەم بابەتەوە ئایا دەتانەوێت بۆ بەرگریکردن لە تایوان لە رووی سەربازییەوە دەستوەردان بکەن؟"، جۆ بایدن بە "بەڵێ" وەڵامی دایەوە و ئاماژەی بەوە دا کە پێشتر لەمبارەیەوە بەڵێنیانداوە.