Hakan Çopur
20 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2025
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ڕووسیا بەردەوام دەبێت و گوتیشی: "ئۆکراینام خۆش دەوێ بەڵام زێلێنسکی کارەساتی خولقاند. وڵاتەکە لێک هەڵوەشایەوە و بە ملیۆنان کەس بە هیچ و خۆڕایی کوژران".
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی تایبەتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Truth، ڕەخنەی لە سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی گرت.
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا زێلێنسکی بە "کۆمیدی" ناو هێناوە و باسی لەوە کردووە کە شەڕێکی دەست پێکردووە کە نەدەبوایە دەستی پێ بکات و کارێکی خراپی کرد".
ترەمپ بۆ زێلێنسکی نووسیوێتی: "ئەو ئەمریکای قایل کرد کە ٣٥٠ ملیار دۆلاری بۆ چوونە ناو شەڕێک پێ بدات کە هەرگیز سەرکەوتنی بەدوادا نەبوو و هەرگیزیش بە بێ ئەمریکا و 'ترەمپ' نەیدەتوانی چارەسەری بکات. جگە لەوەش زێلێنسکی دان بەوە دادەنێت کە نیوەی ئەو پارەیەی کە نێردراوە بۆ ئەو وڵاتە دیار نەماوە. ئەو بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنیشی ڕەت کردەوە".
ترەمپ هەروەها سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆ بایدن'یشی بە خراپ بەڕێوەبردنی دۆخەکە ناو بردووە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە دانوستانەکان لەگەڵ ڕووسیا بەردەوام دەبێت و گوتیشی: "ئۆکراینام خۆش دەوێ بەڵام زێلێنسکی کارەساتی خولقاند. وڵاتەکە لێک هەڵوەشایەوە و بە ملیۆنان کەس بە هیچ و خۆڕایی کوژران".
ترەمپ هەروەها ڕەخنەی لە بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن لە ئۆکرایناش گرت و گوتی: "زێلێنسکی دیکتاتۆرێکە کە ڕێگریی لە هەڵبژاردن کردووە و زوو دەست بجووڵێنێت باشە، ئەگینا وڵاتەکەی لەدەست دەدات".