Zeynep Katre Oran
20 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2025
ئەنقەرە - AA
بازرگانی ملیاردێری ئەمریکی و ڕاوێژکاری باڵای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی.
ئیلۆن ماسک وەڵامی بڵاوکراوەی بەکارهێنەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسی دایەوە کە بانگەشەی ئەوەی کردبوو "ڕۆژنامەنووس گۆنزالۆ لیرا کە هاووڵاتییەکی چیللی و ئەمریکییە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەهۆی ڕەخنە گرتن لە زێلێنسکی لە ئۆکراینا کوژراوە".
لە وەڵامەکەیدا ئیلۆن ماسک سەبارەت بە مردنی لیرا کە لە شاری خارکێڤی ئۆکراینا ژیاوە و بەهۆی بڵاوکراوەی پشتیوانی ڕووسیا دەستبەسەر کراوە، دەڵێت: "زێلێنسکی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی کوشتووە".
پێشتر ئیلۆن ماسک لە بڵاوکراوەیەکی دیکەدا لە ئێکس داوای لە زێلێنسکی کردبوو لە پێناو نوێنەرایەتی کردنی ئیرادەی گەلی ئۆکراینا هەڵبژاردن بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، لە دوایین لێدوانیدا لە بارەی زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە زێلێنسکی جەنگی دەستپێکرد و دواتر هیچ شتێکی نەکردووە بۆ ڕاگرتنی، هەروەها ترەمپ دەستەواژەی "دیکتاتۆر کە هەڵبژاردن ناکات"ی بەرامبەر زێلێنسکی بەکارهێنا.