Gülşen Topçu
31 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2023
قودس - AA
سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانی دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکەی دەدات، ئەویش دوای ئەو پێشنیازە یاسایی و سیاسەتانەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، بێنیامین ناتانیاهو کە دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی سنووردار دەکات.
ئیسحاق هێرزۆگ لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن کە لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای میسر سەردانی ئیسرائیلی کرد، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرزۆگ بە بلینکن-ی راگەیاندووە: ''هەڵسەنگاندنەکانتانم لەبارەی مشتومڕی دەستووریی لە ئیسرائیل بیست. ئەمە شتێکە کارم لەسەر کردووە بۆ چارەسەرکردن یان دەستپێکی پرۆسەی دیالۆگ''.
لای خۆیەوە، وەزیری دەوەری ئەمریکا دەستخۆشی لە سەرۆکی ئیسرائیل کرد بۆ هەوڵەکانی لە پێناو سازان و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەسەر چاکسازی دادوەریی.
بلینکن لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: ''دەستەبەرکردنی کۆدەنگی بۆ چاکسازییە نوێیەکان، کاریگەرترین رێگایە بۆ پەسەندکردن و درێژەکێشانی ئەم چاکسازییانە''.
سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ لە ١٥ی کانوونی دووەمدا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە پێکدادانێکی تونددایە و کار دەکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگا زیاتر دابەش نەبێت و قەیرانێکی دەستووریی روو نەدات.