Zuhal Demirci
09 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2022
لەندەن - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن کرد لەرێگەی سزاکانەوە فشاری سەر رووسیا زیاد بکەن و گوتی: "واز ناھێنین، نادۆڕێین، لە دەریا و ئاسمان تا کۆتایی شەڕ دەکەین. بەھاکەی ھەرچی دەبێت با ببێت، بەردەوام دەبین لە شەڕکردن لەپێناو وڵاتەکەمان".
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی لە کیێڤ پایتەختی ئۆکرایناوە، لەرێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە، گوتارێکی پێشکەشی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی گشتیی کرد. زێلێنسکی گوتارەکەی بە ئۆکراینی پێشکەشکرد و ھاوکات بۆ پەرلەمانتاران وەردەگێڕدرا.
لەمیانی گوتارەکەیدا زێلێنسکی جەنگی وڵاتەکەی دژی رووسیا بە ھەوڵەکانی بەریتانیا لە جەنگی جیھانیی دووەمدا چوواند.
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند: "لە یەکەم رۆژ (ی جەنگەکە)دا لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ی بەیانیدا بە مووشەکی ئاڕاستەکراو ھێرش کرایە سەرمان. ھەموو کەس لە خەو ھەستان، خەڵک و منداڵەکان، ھەموو ئۆکراینا لە خەو ھەستا و لەوکاتەوە نانووین" و جەختی لەوە کردەوە ھەر ئۆکراینییەک لەپێناو وڵاتەکەیدا خەباتی کردووە.
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە دواتر ئۆکراینا بەرەوڕووی ھێرشی ئاسمانیی بووەتەوە، کاتێکیش کە رووسیا داوای لێکردوون چەک دابنێن، ئۆکراینییەکان لە شەڕکردن بەردەوام بوون.
زێلێنسکی رایگەیاند: "واز ناھێنین، نادۆڕێین، لە دەریا و ئاسمان تا کۆتایی شەڕ دەکەین. بەھاکەی ھەرچی دەبێت با ببێت، بەردەوام دەبین لە شەڕکردن لەپێناو وڵاتەکەمان. لە دارستانەکان، لە کێڵگەکان، لە کەناراوەکان و لە کۆڵانەکاندا دەجەنگین".
لەدوای گوتارەکەی زێلێنسکی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد تا ئەو کاتەی ئەو شەڕەی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بۆسەر ئۆکراینا دەستیپێکردووە، شکست دەھێنێت و ئۆکراینا جارێی دیکە ئازاد دەبێت، ھەموو رێگەیەک لە دیپلۆماتی، مرۆیی و ئابووریی دەگرنەبەر.