Hakan Türkmen
09 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2022
بڕۆکسل - AA
کۆمیسیاری کاروباری ناوخۆ لە یەکێتی ئەورووپا، ئیلڤا یۆهانسۆن رایگەیاند، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە بەهۆی دەستوەردانی سەربازیی رووسیا، لە ئۆکرایناوە روویان لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە گەیشتووەتەوە دوو ملیۆن کەس.
ئیلڤا یوهانسۆن لە دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپا کە لە شاری ستراسبۆرگ لە فەرەنسا بەڕێوەچوو، گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "لە سەرەتای دەستوەردانی سەربازیی رووسیاوە تاوەکو ئێستا دوو ملیۆن پەنابەر لە ئۆکرایناوە گەیشتوونەتە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کە ١٣٠ هەزاریان بە رەچەڵەک ئۆکراینی نیین".
کۆمیسیاری کاروباری ناوخۆ لە یەکێتی ئەورووپا راشیگەیاند، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە لە ماوەی ١٢ رۆژدا گەیشتوونەتە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا یەکسانە بە ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە هەردوو ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەدا.
ئیلڤا یوهانسۆن روونیکردەوە کە پۆڵەندا پێشوازیی لە زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەر، رۆمانیا ٥٠٠ هەزار، مەجەر ١٧٠ هەزار و سلۆڤاکیا ١٣٠ هەزار پەنابەر کردووە.
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند،بەهۆی دەستوەردانی سەربازیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە لە ئۆکرایناوە روویان لە وڵاتانی دراوسێی وڵاتەکە کردووە گەیشتووەتە دوو ملیۆن کەس.
رۆژی ٢٤ی شوباتی رابردوو، رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.